تەرمی ژمارەیەک کۆچبەر لە ئاوەکانی لیبیا دۆزرانەوە
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا رایانگەیاند، 11 تەرمی کۆچبەرانیان لە کەناراوەکان دۆزیوەتەوە.
پاسەوانی کەناراوەکانی لیبیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە پرۆسەیەکی چاودێریی ئاسمانیدا، 11 تەرمی کۆچبەران دۆزراونتەوە.
رێکخراوی ئێس ئۆ ئێس میدیتێرانێ لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تەرمەکان هێشتا جلوبەرگیان لەبەردا بووە و بەشێکیان بەهۆی چوپی لاستیکییەوە سەر ئاو کەوتبوون.
رێکخراوەکە لەبارەی دۆخەکەوە رایگەیاند "تەرمەکان لە قۆناخی شت بوونەوەدا بوون"، رێکخراوەکە ئەم دۆخەی بە نیشاندەری دەرەنجامە مرۆییەکانی سیاسەتی ئەوروپا وەسف کرد، کە بە گوتەی ئەوان لەسەر بنەمای کەمتەرخەمی و رێگریکردن بە هەر نرخێک دامەزراوە.
پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیاش رایانگەیاند، ئاگاداری بابەتەکەن و دەسەڵاتدارانی لیبیایان لەو بارەیەوە ئاگادار کردووەتەوە، چونکە تەرمەکان لە ناوچەی گەڕان و رزگارکردنی سەر بە لیبیادان، ئەوان روونیانکردەوە، تەرمەکان لە دووری نزیکەی 57 میل لە کەناراوەکانی زوارە دۆزراونەتەوە.
لە راپۆرتێکی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) کە 12ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، رێژەی مردن و بێسەروشوێنبوونی کۆچبەران لە هەردوو رێڕەوی سەرەکیی ئەورووپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران لە درێژایی رێگاکاندا دەبنە قوربانیی بازرگانانی مرۆڤ و فێڵکردن، هاوکات زۆرینەی حاڵەتەکانی مردن بەهۆی خنکان لە دەریای ناوەڕاستدا روویانداوە.
راپۆرتەکە دەریدەخات، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە رێڕەوی دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون، گەیشتووەتە لانیکەم 821 کەس، ئەمەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 111%ـی بەرز بووەتەوە. هۆکاری سەرەکیی ئەم مردنانەش خنکان بووە؛ لە مانگی یەنایەردا نزیکەی 430 کۆچبەر بەهۆی زریانی هاری گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون.
لە رێڕەوی دەریای ناوەڕاستی رۆژهەڵاتیشدا، ژمارەکە بە رێژەی 259%ـی زیادی کردووە و گەیشتووەتە لانیکەم 244 کەس. بەپێی راپۆرتەکە، ئەم ئامارەش بەهۆی زنجیرەیەک رووداوی کوشندە لە نزیک کریت، کە دوورگەیەکی یۆنانییە لە دەریای ناوەڕاست، رووی داوە.