لە گوڵاڵە سێ منداڵ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە گیانیان لەدەستدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، لە شارەدێی گوڵاڵە (جەلەولا)، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایکیشیان بە سەختی بریندار بوو.

سەرچاوەیەکی پۆلیسی گوڵاڵە تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئاگرەکە بەهۆی بڵاوبوونەوە و لێچوونی گاز لە ناو ماڵەکەدا کەوتووەتەوە. لە کاتی رووداوەکەدا دایکەکە و سێ منداڵەکەی لە ناو ماڵەکەدا بوون."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، سەرچاوەکە ئاماژەی کرد، بەهۆی بەهێزی ئاگرەکە و زۆری دووکەڵەکەوە، هەر سێ منداڵەکە دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دایکی منداڵەکان بە برینداری رزگارکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێژەی سووتانی جەستەی گەیشتووەتە 80٪، باری تەندروستی ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە.