لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی ئیندۆنیزیا 26 کەس بوونە قوربانی
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەی ئیندۆنیزیا کە بە گوڕی 7.7 پلە کەناراوەکانی دوورگەی فلۆرێسی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە هەژاند، لانیکەم 20 کەس گیانیان لەدەست داوە.
فەتح رەحمان، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شاری مۆمیری، لەبارەی ئاماری قوربانییەکانەوە رایگەیاند "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەوە 20 کەس گیانیان لەدەستداوە و 6 کەسیش بریندار بوون، هەروەها دوو کەسیش هێشتا لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە."
دەزگای جیۆلۆجیی ئەمریکی رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی بەهێز لە کاتژمێر 05:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی ئیندۆنیزیا ناوچەیەکی ئەو وڵاتەی هەژاند. چەقی بوومەلەرزەکە لە کەناراوەکانی باکووری دوورگەکەدا بووە، بە دووری 68 کیلۆمەتر لە باکووری خۆرئاوای ناوچەی ئاندی، بە قووڵایی نێوان 10 بۆ 15 کیلۆمەتر.
پاشلەرزەکان و مەترسیی تسۆنامی دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکە، چەندین پاشلەرزەی بەهێز ناوچەکەیان هەژاند، کە دیارترینیان دوو پاشلەرزە بوون بە گوڕی 5.6 و 5.9 پلە، هەروەها پاشلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی 6.1 پلە هەستپێکرا. لەم چوارچێوەیەدا، دەزگای کەشناسی، کەشوهەوا و جیۆفیزیای ئیندۆنیزیا دەستبەجێ هۆشداریی تسۆنامی دەرکرد، بەڵام دوای نزیکەی 3 کاتژمێر لە رووداوەکە، هۆشدارییەکە هەڵوەشێندرایەوە.
هەروەها ئێمانۆێل مێلکیاس لاکا لێنا، پارێزگاری نوسا تێنگارا رۆژهەڵات، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "قوربانییەکان لە کاتی خەودا بوونە و بەهۆی رووخانی باڵەخانەکانەوە گیانیان لەدەستداوە."
لە ئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری لە ئەرکداون و سەرقاڵی گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیریان خواردووە.