راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم عەبوودی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێر.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی "سەردانەکەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی قاسم عەبوودی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی بۆ هەولێر لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی بووە."
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24، راگەیاند، شاندە ئەمنییەکەی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبوودی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، شاندەکە سەرەتا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆ دەبنەوە. بڕیارە کاتژمێر 12:30، لە وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەڕێوە بچێت و تێیدا پرسی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە تاوتوێ بکرێت کە لە نێوان هەولێر، تاران و بەغدا واژۆ کراوە.
تەوەری کۆبوونەوەکان گفتوگۆکان چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرن، دیارترینیان دوورخستنەوە و چۆڵکردنی بارەگای ئەو لایەنانەیە کە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێرانن، هەروەها جێگیرکردنی پاسەوانی سنوور لەو ناوچانەدا.
سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە خاکی هەرێمی کوردستان نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی، بە مەرجێک لایەنەکانی دیکەش نەبنە هەڕەشە لەسەر هەرێم. ڕێککەوتنەکە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ کراوە، بەڵام لایەنەکانی دیکە بە تەواوی پابەندی نەبوون.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان لەبارەی ئەو هێرشانە دەبێت کە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، کە دواترینیان هێرشەکەی دوێنێ شەو بووە، بە سێ درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر، لایەنی عێراقی رایگەیاند، سەرچاوەی هێرشەکە دیار نییە کە کراوەتە سەر هەولێر، لەوبارەوە لێکۆلینەوە دەکەن، هەروەها باس لە دانانی سیستەمی بەرگریی بۆ ژێرخانی وزەی هەرێم دەکرێت،
قاسم عەبوودی لەدوای دەستبەکاربوونی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کابینەکەی عەلی زەیدی، یەکەم جارە سەردانی هەولێر دەکات.