لە ئاوەکانی عێراق تۆڕێکی قاچاخی ماددەی هۆشبەر هەڵوەشێنرایەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی هێنانی ماددەی هۆشبەر راگەیاند، بۆ یەکەمجار بوو لەناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا ئەنجام بدرێت.

وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کرد: "بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ماددە هۆشبەرەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و فەرماندەیی هێزە دەریاییەکان، توانییان تۆڕێکی نێودەوڵەتیی مەترسیدار تێکبشکێنن."

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون یەکێکیان هەڵگری رەگەزنامەی بیانییە. هەروەها دەست بەسەر بڕی 90 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش) و دوو بەلەمدا گیراوە، بۆ مەبەستی قاچاخچێتی و گواستنەوەی ماددەکان بەکارهێنراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە؛ مەفرەزەکان لە بنکەی دەریایی ئوم قەسرەوە بەڕێکەوتوون و ئۆپەراسیۆنەکە 16کاتژمێری خایاندووە تا گەیشتوونەتە ئامانجە دیاریکراوەکە. ئەمەش دوای چەندین رۆژ لە چاودێریکردنی ورد و وردبینی لە جووڵەی قاچاخچییەکان لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کە هاوسنوورن لەگەڵ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.