ئەحمەد وەحیدی: هێزەکانمان چۆکیان بە بەهێزترین سوپای جیهاندا دا

ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، جەنگی ئێران و ئەمریکای بە جەنگێکی هاوشێوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو وەسف کرد.

ئەحمەد وەحیدی، پەیامێکی ئاراستەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد، گوتی "ئەو شکۆ و مەزنێتییەی لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا لە خەباتی بێوێنەتان دژ بە دوژمنانی مرۆڤایەتی پێشانتان داوە، جیهانی سەرسام کردووە و هیوای بۆ دڵی چەوساوەکان گەڕاندووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر ستەمکاراندا."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران روونیکردەوە، بە پشت بەستن بە خودای گەورە، سەرکەوتن لە دۆخێکی زۆر سەختدا، لە گەرمای تاقەتپڕووکێنی دوورگەکانی باشوور و کەناراوەکانیان و لە سەرمای بێوێنەی بەرزاییەکانی سنووری باکوور، بە هێرشبردن و بەرگرییە سەرکەوتووەکان لەژێر بارانی گولـلـە دا، هێزە ئێرانییەکان چۆکیان بە سوپایەک دادا، کە لە مێژووی جیهاندا لە هەموو سوپاکانی دیکە زیاتر بەهێز بووە.

لە لایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی کرد و رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بەمزووانە گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا دەناسێنێت و گورزێکی ئابووریی کوشندە لە تاران دەدات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەش، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: "دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتی کە دوای شکستپێهێنانی ئێران، بەمزووانە گەرووی هورمز وەک ناوچەیەکی سەر بە ئەمریکا رادەگەیەنێت! بەڵام گەرووەکە نە بە پۆستکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نە بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، نە بە فەرمانی فەرمی و نە بە گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن کۆنترۆڵ دەکرێت."

غەریبئابادی، جەختی لەوە کردەوە، ئێران لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناترسێت و سەر بۆ نمایشکردنی هێز نەوی ناکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەش دا، کردنەوە و داخستنی گەرووی هورمز تەنیا لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئێراندایە و هۆشداری دایە ئەمریکا و دەڵێت "تا ئەو کاتەی دان بە راستیی شکستەکەتاندا نەنێن و دەست بە خەیاڵاتەوە بگرن، ئێران لەسەر سەپاندنی گەمارۆکانی بەردەوام دەبێت."