پڕۆژەی بەستنەوەی شەقامی 120 بە 150 مەتری لە هەولێر دەگاتە قۆناخی کۆتایی
پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 60 مەتری کە هەردوو شەقامی بازنەیی 120 مەتری و 150 مەتری لە شاری هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، قۆناخی زۆر باشی بڕیوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە. هاوکات پلانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای هەولێر - پیرمام بە شێوازێکی مۆدێرن ئامادە کراوە.
ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەم شەقامە ستراتیژییە بە درێژایی 5 کیلۆمەتر و بە گوژمەی 36 ملیار دینار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و لەلایەن کۆمپانیایەکی خۆماڵییەوە جێبەجێ دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا 65٪ی کارەکان تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی 70 بۆ 90 رۆژی داهاتوو لە مانگی 11ـی ئەمساڵدا بە رێژەی 100٪ کارەکانی تەواو بێت.
شەقامەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و بۆ بەرگەی باری قورس دروست دەکرێت، کە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەمانەن؛ هەر سایدێک 19 مەتر دەبێت و رێڕەوی 5 ئۆتۆمبێل لەخۆ دەگرێت، 182 هەزار مەتر دووجا کاری قیرتاوکردنی بۆ دەکرێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو، ئاوەڕۆیەکی سندوقی بە درێژایی 2 کیلۆمەتر و 400 مەتر لەگەڵ پڕۆژەکەدا جێبەجێ کراوە.
ئەم شەقامە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی لەسەر رێگای هەولێر - پیرمام. جگە لە ئاسانکاری هاتووچۆ، رۆڵی دەبێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتر بە گەڕەکەکانی دەوروبەری و ناوچەی کەڕک.
لەلایەکی دیکەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، حکوومەت دەست دەکات بە نۆژەنکردنەوەی رێگای سەرەکی (هەولێر - پیرمام). دیزاینی ئەم رێگایە بەگوێرەی ماستەرپلانی هەولێر دەبێت و هاوشێوەی شەقامی بارزان لە شاری دهۆک بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و ستراتیژی نۆژەن دەکرێتەوە.