بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حەوت دەدرێت

بڕیارە لەم هەفتەیەدا بڕیاری کۆتایی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت و پارەکە بخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەگەڵ گەیشتنی گوژمەی دارایی لە بەغداوە، دەستبەجێ پرۆسەی دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لیستی مووچەی مانگی تەممووز بەتەواوی ئامادەیە. پێشبینی دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا بڕیاری خەرجکردنی پارەکە بدرێت و لەگەڵ گەیشتنی بۆ سەر هەژماری وەزارەت، خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەنرێت." ئاماژە بەوەش دراوە، دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە تەنیا سێ رۆژ دەخایەنێت.

دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت پەیوەندی بە چەند هۆکارێکی داراییەوە هەبووە لە بەغدا، لەوانە، کەمبوونەوەی داهاتی گشتیی عێراق، سنوورداربوونی فرۆشتنی نەوت.

ئەم کێشە داراییانە کاریگەرییان لەسەر ناوخۆی عێراقیش هەبوو، بەجۆرێک دابەشکردنی مووچە لە عێراق بۆ ماوەی دوو هەفتە دواکەوت.

پێشتر وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندبوو، پابەندن بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی داهاتی پێویست لە گەنجینەی دەوڵەتدا کۆنەببووەوە، ناردنی پارەکە بۆ ئەم هەفتەیە دواکەوت. بڕیارە بە گەیشتنی ئەم پارەیە، کۆتایی بە چاوەڕوانیی مووچەخۆران بۆ مانگی تەمموز بهێنرێت.