سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24: رێگری لە بنەماڵەی لاهور بۆ چوونە نێو یاریگای نەورۆز نەکراوە
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لەبارەی ئەوەی گوایە رێگە نەدراوە بنەماڵەی لاهور شێخ جەنگی بچنە نێو یاریگای نەورۆزەوە، سەرچاوەیەک لەو بنەماڵەیە روونکردنەوە دەدات و جەخت لەوە دەکاتەوە هۆکارەکە نەبوونی شوێن بووە نەک رێگریکردن.
سەرچاوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوێنێ لە یاریی دەستپێکی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان یانەی نەورۆز و یانەی جەویە، وەک هەموو جارێک چاوەڕێی ناردنی بلیتیان کردووە لەلایەن بەرپرسانی یانەکەوە، بەڵام بلیتەکەیان بۆ نەهاتووە و خۆیان پەیوەندییان بە بەرپرسانی یانەکەوە کردووە بۆ ئامادەبوون لە یارییەکەدا.
بە گوتەی سەرچاوەکە، شوێنی دانیشتنیان نە ڤی ئای پی (VIP) بووە و نە شوێنی ئاسایی، بەڵکو شوێنێک بووە کە نرخی بلیتەکەی 25 هەزار دینارە و هەمیشە سەردانی ئەو شوێنە دەکەن، بەڵام ئەمجارە پێیان راگەیاندوون "شوێنەکەیان گیراوە و شوێن لەوێ نەماوە"، هەر بۆیە نەیانتوانیوە لە یارییەکەدا ئامادەبن.
سەرچاوەکەی بنەماڵەی لاهور شێخ جەنگی ئەوەشی خستەڕوو، هەست بە ناڕوونییەک لە بابەتەکەدا دەکەن و رەنگە حەزیان نەکردبێت لەو یارییەدا ئامادەبن، بەڵام لە یارییەکانی داهاتوودا دیار دەبێت کە ئایا دەتوانن بەشداری بکەن یان نا و هۆکاری راستەقینەی رووداوی دوێنێش زیاتر بۆیان روون دەبێتەوە.
بەر لە رووداوەکەی لالەزار کە لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و لاهور شێخ جەنگی رووبدات، لاهور سەرۆکی یانەی نەورۆز بوو لەلایەن ئەوەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لەدواین هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یانەکە، هێرش کەمال مستەفا بەسەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرا.