عێراق پێشینەی خانووبەرەی راگەیاند
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکوومەتی عێراق، پڕۆژەی پێدانی پێشینەی خانووبەرەی بۆ ساڵی 2024 راگەیاند. بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بڕی 60 ملیۆن دینار وەک قەرز دەدرێتە هاووڵاتییان بۆ مەبەستی دروستکردنی خانوو، بەڵام هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەم قەرزە بێبەش کراون.
بەشی راگەیاندنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، قەرزەکە بە شێوەی قیستی درێژخایەن دەبێت کە بۆ ماوەی 180 مانگ 15 ساڵ دەخایەنێت. بڕی قیستی مانگانە 333 هەزار دینارە و هیچ سوودێکی بانکی (ربا) ناچێتە سەر، تەنیا 2٪ی کۆی گشتی پارەکە وەک عمولە یان کرێی راییکردن وەردەگیرێت.
مەرجەکانی وەرگرتنی قەرزەکە؛ دەبێت داواکار خاوەنی زەوییەک بێت کە رووبەرەکەی لە 100 مەتری چوارگۆشە کەمتر نەبێت، پێویستە زەوییەکە تاپۆ بێت و نابێت زەوی کشتوکاڵی بێت، هەروەها دەبێت 56 مەتری زەوییەکە بە شێوەی چوارگۆشە بکرێتە خانوو و داواکار دەبێت تەمەنی لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵدا بێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، پێشکەشکردن بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت و بۆ هەر پارێزگایەک تەنیا یەک رۆژ دیاریکراوە. خشتەکە بەم شێوەیەیە: رۆژی 23ـی ئاب پارێزگاکانی (بەغدا، کەرکووک و نەجەف، سەڵاحەددین و نەینەوا ، ئەنبار ) رۆژی 24 ئاب زیقار و بابل وکەربەلا، رۆژی 25ئاب بەسڕا، دیوانیە دیالە رۆژی 26 ئاب میسان، سەماوە، واست هاووڵاتیانی دەبێت تەنیا لەو رۆژە مامەڵەکانیان پیشکەش بکەن بە شێوەی ئۆنڵاین، بۆ پارێزگاکەیان دیاریکراوە.