شاندەکانی هەرێم و بەغدا جێبەجێ کردنی رێککەوتنە ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد

ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، لیژنەی باڵای تایبەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنامەی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران، لە هەولێر کۆبوونەوە.

نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشدار بوون. 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لیژنەکە وردەکاریی رێککەوتنامە ئەمنییەکەیان تاوتوێ کردووە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە پاراستنی سنوورەکان، رێگریکردن لە دزەکردن و قاچاخچێتی، هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق.

لیژنەکە هەڵسەنگاندنی بۆ ئەو بڕگانەی رێککەوتنامەکە کرد کە تا ئێستا جێبەجێ کراون، لەو چوارچێوەیەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.

ئەم هەماهەنگییە بەگوێرەی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەبێت و ئامانج لێی پابەندبوون بە رێککەوتنامە ئەمنییەکە و پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەریی خاکی عێراقە.

 ئەمڕۆ شەممە، 15ـی ئابی 2026، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم عەبوودی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێر.