قالیباف: هەڕەشەکانمان ئەمریکای ناچار کرد گەمارۆی سەر ئێران هەڵگرێت
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف، لە لێدوانێکدا وردەکاریی نوێی سەبارەت بە هەڵوێستی تاران لە بەرامبەر ئەمریکا لە کاتی جەنگدا خستەڕوو و رایگەیاند، لە کاتی دوایین هێرش بۆ سەر باشووری لوبنان، هۆشدارییەکی توندیان داوەتە ئەمریکا و ئەو هەڕەشانەشیان دۆناڵد ترەمپی ناچار کرد لە هەڵوێستەکانی پاشگەز ببێتەوە.
قالیباف لە دانیشتنێکدا لەگەڵ کەسایەتی و زانایانی کولتووری، باسی لەوە کرد "کاتێک هێرش کرایە سەر ناوچەی زاحیە و بەرپرسی هەواڵگریی حزبوڵڵا و بنەماڵەکەی کوژران، تاران دەستبەجێ هەڕەشەی توندی کرد و پێی راگەیاندن ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن و رژێمی زایۆنیش وەڵام بداتەوە، ئەوا هێرش دەکەنە سەر تەواوی ناوچەکە"، جەختی کردەوە "ئەم هەڕەشە خێرایە وایکرد ئەمریکا لەو شەوەدا گەمارۆی دەریایی سەر هاتوچۆی کەشتیوانیی ئێرانی هەڵگرێت."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش دا، دوای بڕیارەکە، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) پۆستێکی کرد و تێیدا باسی لە لابردنی گەمارۆکان و کردنەوەی گەرووی هورمز کردبوو، بەڵام لایەنی ئێرانی دەستبەجێ ئەو مەرجەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، ئەگەر پۆستەکە نەسرێتەوە، هێرش دەستپێدەکەن؛ ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تەنها دوای 58 خولەک ترەمپ پۆستەکەی تایبەت بە گەرووی هورمز بسڕێتەوە.
لە کۆتاییدا قالیباف جەختی لەوە کردەوە کە "دانوستان، واتە خەبات"، و بە رێگەی هەڕەشە و هێز توانیویانە لەو دۆخەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
لە 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر ئێران و بەچڕی بۆردومانی ئەو وڵاتەیان کرد، بەهۆیەوە رێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی و چەندین بەرپرسی باڵا کوژران، جەنگەکە ماوەی 39 رۆژ بەردەوام بوو و دواتر ئاگربەستی هەفتەیی راگەیەندرا.