ئێران داوای ئازادکردنی 3 فڕۆکەوانەکەی لە قەتەر دەکات
فەرماندەی لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، داوای هاوکاریی بەپەلەی کرد بۆ ئازادکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسی سێ فڕۆکەوانی سەربازیی وڵاتەکەی کە دوای هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر، لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوحەوە بە دیل گیراون.
شەممە 15ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوکراوەتەوە، عەمید محەممەد باقرزادە، فەرماندەی لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، نامەیەکی ئاراستەی مریانا سپۆلیاریک، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کردووە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سێ فڕۆکەوانی ئێرانی لە قەتەر.
لە نامەکەی باقرزادەدا هاتووە کە لە رێکەوتی 2ـی ئاداری 2026 ، دوو فڕۆکەی جەنگیی جۆری سوخۆی-24ی هێزی ئاسمانیی ئێران لە بنکەی ئاسمانیی شیرازەوە هەڵفڕیون بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی جەنگی بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی عودەیدی هێزەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی قەتەر.
سوپای ئێران پێشتر رایگەیاندبوو لەو هێرشەدا زیانێکی قورس بە بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا گەیشتووە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا، فڕۆکەکان لە لایەن بەرگریی ئاسمانییەوە پێکراون و هەر چوار فڕۆکەوانەکە بە ناچاری کورسییەکانیان هەڵداوەتەوە و خۆیان بە پەڕەشوت فڕێداوەتە خوارەوە.
بەپێی گوتەی سەرتیپ باقرزادە، چارەنووسی فڕۆکەوانەکان بەم شێوەیە بووە، فڕۆکەوانەکە ناوی مەجید کازمی، لە کاتی ڕووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە و دواتر تەرمەکەی رادەست کراوەتەوە و لە رۆژی31ـی تەممووز لە شاری شیراز بە خاک سپێردراوە.
سێ فڕۆکەوانەکەی دیکە کە بریتین لە: جەواد ساڵحی، عەبدولمەجید دەشتیان و عەمران بەرووشیان، بە زیندوویی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی قەتەرەوە دەستگیر کراون و ئێستا وەک دیلی جەنگ لەو وڵاتەدا راگیراون.
فەرماندەکەی سوپای ئێران لە نامەکەیدا رەخنەی توندی لە حکوومەتی قەتەر گرتووە و نووسیویەتی: دەوڵەتی قەتەر سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر ڕووداوەکەدا، بە پێچەوانەی سەرجەم یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی چوار پەیماننامەکەی جنێڤ سەبارەت بە مافەکانی دیلەکانی جەنگ، مافی رەوای ئەم دیلانەی پێشێل کردووە. دەوحە سەرەڕای هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان، تا ئێستا رێگەی نەداوە هیچ چاوپێکەوتن یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ئەم فڕۆکەوانانە و کەسوکاریان یان بەرپرسانی بەدواداچوونی کۆماری ئیسلامیدا ئەنجام بدرێت.
ئێران داوای لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کردووە دەستبەجێ دەستوەردان بکات بۆ سەردانیکردنی فڕۆکەوانەکان، مسۆگەرکردنی مافە مرۆییەکانیان و کارکردن بۆ ئازادکردنیان و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.