بەقایی: سەرەڕای بەربەستەکانی ئەمریکا لەگەڵ عومان رێککەوتین

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دروستکردنی بەربەست، تاران لەگەڵ مەسقەت گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دیاریکردنی نەخشەی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمزدا.

شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: "سەرەڕای بەربەستەکانی ئەمریکا، دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومان پێشکەوتنی ئەرێنی و بەردەوامی بەخۆوە بینیوە و، رێککەوتن لەسەر نەخشەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کراوە."

بەقایی ئەم ڕێککەوتنەی بە بەرهەمی هاوکارییەکی هاوبەشی دامەزراوەیی لە نێوان دەزگا جیاوازەکانی دەوڵەتدا وەسف کرد، کە بە سەرکردایەتیی وەزارەتی دەرەوە و بەشداریی چالاکانەی کەرتەکانی بەرگری، ئەمنی و ژینگەیی وڵات ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوە کرد، "وەک دەوڵەتێکی کەناراو، ماوەیەکی زۆرە دانوستانمان لەگەڵ عومان دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی ئارامی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا، کە ئەمەش بابەتێک بوو دەبوایە هەر چۆنێک بێت ئەنجام بدرێت."

زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: "گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان نزیکەی دوو بۆ سێ مانگ لەمەوبەر دەستیپێکرد، واتە نزیکەی هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. ئێمە لەگەڵ لایەنی عومانی لە گفتوگۆدا بووین و لە چەند قۆناخێکدا زۆر نزیک بووین لە گەیشتنە ئەنجام، بەڵام ئەو بەربەستانەی کە لەلایەن ئەمریکا و هەندێک لایەنی دیکەوە دروست دەکران، زۆرجار دەبوونە هۆی تێکدانی ئەم رێڕەوە."

بەقایی جەختی لەوە کردەوە، "لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا دانوستانەکان رێڕەوێکی ئەرێنی و پێشکەوتووی بەخۆوە بینیوە و بە ئاسانی بەڕێوەچووە، پێشتریش رامانگیاندبوو کە ڕێککەوتن لەسەر نەخشەی هاوبەشی نێوان هەردوولا بۆ جووڵەی کەشتیوانی کراوە."

روونیشی کردەوە کە "هێشتا هەندێک بڕگە هەن کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، لەوانە راگەیەنراوی هاوبەش کە بڕیارە لە لایەن ئێران و عومانەوە بڵاو بکرێتەوە و، پەیوەندی و سەردانە دوولایەنەکان بەردەوامن و بە فەرمی رادەگەیەنرێت هەر کاتێک گەیشتینە داڕشتنی کۆتایی."

ئاماژەی بەوەش کرد کە "خاڵی سەرەکی و گرنگ ئەوەیە کە لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عومان لێکتێگەیشتنێکی سەربەخۆیە لە نێوان دوو دەوڵەتی کەناراو بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەی ئارامی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، لەگەڵ پاراستنی سەروەری و مافە نیشتمانییەکانی هەردوو وڵات."

پەیوەست بە قۆناخی داهاتووش، بەقایی گوتی: "سەبارەت بەوەی لە قۆناخی داهاتوودا چی روودەدات، بە تایبەتی پرسی گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ گەرووی هورمز، ئەمە بەستراوەتەوە بە هۆکار و رەچاوکردنی دیکەوە، چونکە رەگی ناسەقامگیری لە گەرووەکەدا بۆ ەێکارە نایاساییەکان و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو: کە گفتوگۆ جیاوازەکان لەگەڵ عومان تیشکیان خستووەتە سەر دیاریکردنی رێڕەوێکی دەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.

باسی لەوەش کردبوو، تاران تا ئێستا بڕیاری نەداوە گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێبکاتەوە و، ئەو پەیامانەی کە لە رێگەی قەتەر و پاکستانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن وەک دانوستان ئەژمار ناکرێن.