رژانی نەوتی رووسی 12 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی عومانی پیس کرد
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عومان رایگەیاند، بەهۆی رژانی نەوت لە کەشتییەکی پەککەوتوو کە هەڵگری نەوتی خاوی رووسی بووە، نزیکەی 12 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ناوچەی "رەئس مەدرەکە" لە وڵاتەکە پیس بوون، هاوکات دەسەڵاتدارانی ژینگە هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری کارەساتە ژینگەییەکە چڕ کردووەتەوە.
شەممە 15ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوی ئاژانسی هەواڵی عومان، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەندین هەفتە نەوت لە کەشتییەکی نەوتهەڵگرەوە دەڕژێت، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە پەڵە نەوتییەکان گەیشتوونەتە کەناراوەکانی عومان و بە درێژایی 12 کیلۆمەتر لە کەنارەکانی ناوچەی "رەئس مەدرەکە" زیانی ژینگەییان دروست کردووە.
لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دراوە بەهۆی هەوڵەکانی تیمەکانی فریاگوزاری و بەرپەرچدانەوەوە، کەناراوەکانی دوورگەی مەسیرە لە پیسبوون پارێزراون و نەوتەکە پێیان نەگەیشتووە.
رەگی ئەم قەیرانە ژینگەییە دەگەڕێتەوە بۆ پەڕینەوە و چەقینی کەشتیی نەوتهەڵگری (کارۆلاین بیزینگی) لە نزیک دوورگەکانی حەلانیات لە سنووری پارێزگای زوفار؛ کە بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، کەشتییەکە بڕی نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی رووسیای هەڵگرتووە.
دەستەی ژینگەی عومان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریکردن و وەڵامدانەوەی مەیدانی بەردەوامن. دەستەکە ئاشکرای کرد، پەڵە نەوتییەکە لە ناو دەریادا بەپێی رێڕەوە دیاریکراوەکەی خۆی، لە باشووری رۆژهەڵاتی ویلایەتی مەسیرەوە بەرەو قوڵایی دەریا و ئاوە نێودەوڵەتییەکان دەڕوات.
دەستەی ژینگەی عومان جەختیشی کردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوام چاودێریی جووڵەی پەڵە نەوتییەکە دەکەن بەپێی گۆڕانکارییە دەریایی و کەشوهەواییەکان، تا هەموو رێکارێکی پێویست بۆ کەمکردنەوەی شوێنەوارە زیانبەخشەکان و پاراستنی ژینگەی دەریایی و کەناراوەکان بگرنە بەر.
پێشتر دەسەڵاتدارانی عومان رایانگەیاندبوو، رووبەری ئەو پەڵە نەوتییەی لە دەریاکەدا دروست بووە، نزیکەی 400 کیلۆمەتری چوارگۆشەی داپۆشیوە. نوێترین هەڵسەنگاندنەکانیش ئاماژە بە فراوانبوونی زیاتری مەودای پیسبوونەکە و گەیشتنی بە کەناراوە وشکانییەکان دەکەن، ئەمەش مەترسی و نیگەرانییەکی زۆری بۆ سەر سیستەمی ژینگەیی و گیاندارە دەریاییەکانی ئەو ناوچەیە دروست کردووە.