حزبوڵڵا داوا لە حکوومەتی لوبنان دەکات دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل رابگرێت

"واشنتن و تەلئەڤیڤ بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان"

حزبوڵڵای لوبنان داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد، بە دوای رێگەی نوێدا بگەڕێن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و واز لە سووربوون لەسەر پرۆسەی دانوستانی راستەوخۆ بهێنن، کە بە گوتەی ئەوان لەژێر فشاری ئەمریکادایە.

شەممە، 15ـی ئابی 2026، حزبوڵڵای لوبنان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتییانی لوبنان بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەژێر کاریگەریی پەرەسەندنی هێرشەکان و کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە بەئاگا هاتن کە ئیسرائیل دژی مەدەنییە بێتاوانەکان لە باشوور ئەنجامی دا، ئەمەش لە رێگەی بەئامانجگرتنی ماڵێک لە دەوروبەری شارۆچکەی "ئەنسار"ی باشوور و تەلارێک لە ناوچەی "دێر زەهرانی"، کە بووە هۆی کوژرانی 11 کەس، لە نێویاندا ژن و منداڵ هەبوون، هاوكات 12 کەسی دیکەش بریندار بوون."

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەم پەرەسەندنەی ئیسرائیل لە رێگەی بە ئامانجکردنی مەدەنییەکان و فراوانکردنی بازنەی ناوچە لێدراوەکان، گوزارشت لە ویست و ئارەزووی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات بۆ پەرەپێدانی شەڕەکە، بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی ناوخۆیی خۆی، خزمەتکردن بە ئامانجە هەڵبژاردنەکانی و رازیکردنی لایەنە راستڕەوە توندڕەوەکان."

حزبوڵڵا حکوومەتی ئیسرائیل و ئەمریکای بە بەرپرسیاری بەردەوامبوونی هێرشەکان و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنان دانا و، جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی کرد کە "بە دوای رێگەی جێگرەوە بگەڕێن بۆ راگرتنی ئەم دەستدرێژییە و، چیدیکە پێداگری نەکەن لەسەر بەردەوامبوون لە پڕۆسەی دانوستانە راستەوخۆکاندا."

جەختیشی کردەوە کە پێویستە دەسەڵاتدارانی لوبنان چاو بە بڕیار و ھەنگاوەکانیاندا بخشێننەوە، بە شێوازێک کە سەروەریی لوبنان و مافەکانی بپارێزێت و، هەڵوێستێکی نیشتمانیی ئازایانە و بەرپرسیارانە بنوێنێت و، چیدیکە بەردەوام نەبێت لەو دانوستانانەی کە ئەمریکا رایکێشاوەتە ناو هێڵەکەیەوە."

هاوكات هۆشداریی دایە ئیسرائیل کە "دەستدرێژی و پێشێلکاری و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع ناتوانێت بەردەوام بێت و، بە پەرچەکرداری گونجاو وەڵام دەدرێتەوە، لە پێناو بەرگریکردن لە لوبنان، گەلەکەی، سەروەری و کەرامەتی نیشتمانیی وڵاتدا."