قەتەر دەستبەسەرکردنی فڕۆکەوانە ئێرانییەکان رەتدەکاتەوە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە توندی ئەو دەنگۆ و لێدوانانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستبەسەرکردنی چەند فڕۆکەوانێکی ئێرانی لە وڵاتەکەی دەکەن، و رایگەیاند فڕۆکە ئێرانییەکان بەزاندنی ئاسمانی قەتەریان ئەنجام دابوو و دوای وەڵامنەدانەوەی هۆشدارییەکان، رێکاری بەرگری بەرامبەریان گیراوەتە بەر.
شەممە 15ـی ئابی 2026، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئێرانی دایەوە و رایگەیاند: بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بنبڕ، تەواوی ئەو بانگەشانە ڕەت دەکەینەوە کە لە بارەی دەستبەسەرکردنی فڕۆکەوانە ئێرانییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، و سەرسووڕمانی خۆشمان لەم لێدوانە چەواشەکارانەیە لەم کاتە هەستیارەدا دەردەبڕین کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوامن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر وردەکاریی رووداوەکەی خستەڕوو و جەختی کردەوە، دوای ئەوەی فڕۆکەوانەکان سنووری ئاسمانیی قەتەریان بەزاند و لە ئامانج و رێڕەوی هێرشەکەیان دڵنیابوونەوە، هەوڵ دراوە پەیوەندییان پێوە بکرێت، بەڵام فڕۆکەوانە ئێرانییەکان هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.
ماجد ئەنساری ئاماژەی بەوە کرد، دوابەدوای ئەوە، بەپێی یاساکانی پێکدادان و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی خاکی قەتەر، رێکاری سەربازیی پێویست بەرامبەریان گیراوەتە بەر، کە لە هەمان کاتدا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە روونکردنەوەی لەسەر دراوە.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەیدا، ئاشکرا کراوە، تیمەکانی گەڕان و فریاگوزاریی قەتەر بە تەواوی ئەرکی خۆیان لە گەڕان بە دوای تەرم و پاشماوەی فڕۆکەوانەکاندا جێبەجێ کردووە؛ لەم چوارچێوەیەشدا دەوڵەتی قەتەر پەیوەندیی بە لایەنی ئێرانییەوە کردووە بۆ هەماهەنگی لە وەرگرتنەوەی تەرمی یەکێک لە فڕۆکەوانەکان کە دۆزرابووەوە، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەوحە لە مانگی نیسانی رابردوودا داوەتنامەیەکی فەرمیی ئاراستەی تاران کردووە تا شاندێکی تایبەت بنێرێت بۆ قەتەر بە مەبەستی ئاگاداربوون لە تەواوی وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و فریاگوزاری، بەڵام لایەنی ئێرانی تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی ئەو داوەتنامەیەی نەداوەتەوە.
هەر ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی هەواڵی "فارس" بڵاوکراوەتەوە، عەمید محەممەد باقرزادە، فەرماندەی لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، نامەیەکی ئاراستەی مریانا سپۆلیاریک، سەرۆکی لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کردووە سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی سێ فڕۆکەوانی ئێرانی لە قەتەر.
فەرماندەی لیژنەی گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووان لە ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران داوای هاوکاریی بەپەلەی کرد بۆ ئازادکردن و ئاشکراکردنی چارەنووسی سێ فڕۆکەوانی سەربازیی وڵاتەکەی کە دوای هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە قەتەر، لە لایەن دەسەڵاتدارانی دەوحەوە بە دیل گیراون.