قایمقامی چەمچەماڵ: بوومەلەرزەیەک قەزاکەی هەژاند و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە
قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند: ئەمشەو بوومەلەرزەیەک قەزاکەی هەژاندووە و زۆربەی هاووڵاتییانی ناوچەکە هەستیان پێکردووە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکی ماددی یان گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، "نزیک کاتژمێر 9:45 خولەکی ئەمشەو، بوومەلەرزەیەک لە چەمچەماڵ رووی دا و زۆربەی هاووڵاتییان هەستیان پێکرد، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زەرەر و زیانێکی بەدواوە نەبووە."
سەبارەت بە بەهێزی و گوڕی بوومەلەرزەکە، قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد، کە گوڕی بوومەلەرزەکەی ئەمجارە بەراورد بەوەی کە ڕۆژی هەینی ڕابردوو ناوچەکەی هەژاند، کەمتر بووە و دۆخی قەزاکە ئێستا ئارام و جێگیرە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند: بووملەرزەکە ئەمشەو بە گوڕی 3.8 پلەی رێختەر بووە، دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ و تەکیە هەستیان پێکردووە، چەقی بوومەلەرزەکە لە گوندی (کوچەک نەخشینە) بووە کە دەکەوێتە نێوان سنووری تەکیە و چەمچەماڵ.