هەواڵگریی سووریا دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی باڵای داعشی راگەیاند
دەزگای هەواڵگریی گشتیی سووریا، توانی لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییدا سەرکردەیەکی باڵای داعشی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا دەستگیر بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر.
شەممە، 15ـی ئابی 2026، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا)، لە زاری سەرچاوەیەک لە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەوە بڵاوی کردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی کە چالاکییەکانی رێکخراوی "داعش"ی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا کردووەتە ئامانج، سەرکردەیەکی باڵای ئەو رێکخراوە دەستگیر کراوە.
لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا هێشتا ناسنامەی ئەو سەرکردە دەستگیرکراوە یان سروشتی ئەرکەکەی لە ناو ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا ئاشکرا نەکردووە، هەروەها شوێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە و ئەو دۆخەی کە تێیدا دەستبەسەر کراوە روون نەکراوەتەوە.
لە تەممووزی رابردوودا، وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی گشتی، هەڵوەشاندنەوەی چەند شانەیەکی سەر بە رێکخراوەکەی لە ناوچەی باشوور راگەیاندبوو، لەگەڵ دەستگیرکردنی سەرکردەی باڵا و ژمارەیەک بەرپرسی دۆسیەکانی تیرۆرکردن و دابینکردنی دارایی لە ناو رێکخراوەکەدا.