مەسرور بارزانی: پارتی ئەندازیاری بووژاندنەوە و پێشکەوتنی کوردستانە
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: پارتی و سەرۆک بارزانی گەرەنتیی پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانن و هەمیشە جێگەی ئومێد و متمانەی خەڵکن.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی 16ـی ئاب، ساڵڕۆژی لە دایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی، بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەندامان و لایەنگرانی پارتی و سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد.
جێگری سەرۆکی پارتی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی رێبەری مێژوویی و باوکی رۆحیی گەلی کورد، مەلا مستەفا بارزانیی نەمر، یەکێکە لە پڕشنگدارترین رۆژ و یادەکانی مێژووی گەلەکەمان.
مەسرور بارزانی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، پارتی و سەرۆک بارزانی، هیوا و ئومێد و جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستان و گەرەنتی پاراستن و پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیریی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و ئەندازیاری بووژاندنەوە و بنیاتنانەوە و پێشکەوتنی کوردستانن.
جێگری سەرۆکی پارتی، لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بە شکۆ و پێزانینێکی قووڵەوە یادی دامەزرێنەری پارتی، بارزانیی نەمر، ئیدریس بارزانیی هەمیشە لە یاد و سەرجەم سەرکردە، خەباتکار و شەهیدانی رێگەی ئازادیی کوردستانی بەرز نرخاند.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بە بۆنەی شازدەی ئاب، ساڵڕۆژی لە دایکبوونی ڕێبەر و سەرکردەی نیشتمانیمان و باوکی خوشەویستم جەنابی سەرۆک بارزانی و هەشتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی کوردستان و ئەندام و لایەنگران و دۆستانی پارتی دیموکراتی کوردستان و گشت کوردستانییان دەکەم.
یادی دامەزراندنی دێرینترین و گەورەترین و بەهێزترین پارتی کوردستان لە سەر دەستی رێبەری مێژویی و باوکی روحی گەلەکەمان مستەفا بارزانیی نەمر ، یەکێکە لە پڕشەنگدارترین ڕۆژ و یادەکانی مێژووی گەلەکەمان.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە ژێر سێبەر و ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی، درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمرە و بەردەوامە لە تۆمارکردنی داستان و دەستکەوتی مەزن و دیرۆکی کە جێگەی شانازی هەموو کوردستانییەکی دڵسۆزە.
پارتی و سەرۆک بارزانی، هیوا و ئومێد و جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستان و گەرەنتی پاراستن و پێشخستنی ئاسایش و سەقامگیریی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و ئەندازیاری بووژاندنەوە و بنیاتنانەوە و پێشکەوتنی کوردستانن.
لە ساڵیادی شازدەی ئابدا ، بە شکۆ و ڕێز و پێزانینێکی قووڵەوە، یادی دامەزرێنەری پارتی، بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و سەرکردە و سەرجەم خەباتکار و شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە .
هەمیشە شکۆدار بێت یادی شازدەی ئاب .
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
2026/8/16