چین سیستەمێکی نوێی بەرگریی ئاسمانی تاقیکردەوە

سوپای چین لە مانۆڕێکی سەربازیدا بە چەکی پێشکەوتوو، چەند جۆرە مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی سەرشانی تاقیکردەوە. ئەم تاقیکردنەوەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ سیستەمی مووشەکی (HQ-16) ئەنجامدرا، بە ئامانجی تێکشکاندنی ئەو فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووانەی کە سیستەمی رادار دەکوژێننەوە.

کەناڵی فەرمیی چین (CCTV) دیمەنەکانی مەشقەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا دەردەکەوێت تیمەکانی سوپا بە شێوەیەکی هاوکات مووشەکە گوازراوەکانی جۆری (MANPADS) و سیستەمی (HQ-16) بۆ پێکانی ئامانجە گریمانەییەکان بەکار دەهێنن.

بەگوێرەی لێدوانی شارەزایەکی سەربازی بۆ رۆژنامەی گڵۆباڵ تایمزی چینی، ئەم مەشقە ستراتیژییەکی نوێ نیشان دەدات؛ ئەویش بەکارهێنانی کەرەستەی سەربازیی کەم تێچوو و هەرزانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئامانجە گرانبەهاکان (وەک فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکان)، ئەمەش لە رێگەی تێکەڵکردنیان لەناو یەک تۆڕی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتوودا.

سیستەمە بەرگرییە دوورمەوداکان بە پلەی یەکەم پشت بە رادار دەبەستن بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکان، بەڵام فڕۆکە نادیارەکان بە شێوەیەک دیزاین کراون کە توانای رادارەکان بۆ دۆزینەوەیان کەم بکەنەوە. لێرەدا گرنگیی ئەو مووشەکە دەردەکەوێت، چونکە ئەم مووشەکانە پشت بە تیشکی ژێر سوور دەبەستن بۆ شوێنکەوتنی گەرمیی بزوێنەری فڕۆکەکان، نەک رادار، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی فڕۆکە نادیارەکان ئاسانتر بدۆزرێنەوە.

هەرچەندە ئەم مووشەکانە مەوداکەیان کورتە و پێویستە فڕۆکەکە زۆر لێیان نزیک بێتەوە، بەڵام مەشقەکە دەریخست بە هەماهەنگیی ورد و بەکارهێنانی چەند مووشەکێک بە شێوەیەکی هاوکات، دەکرێت مەترسییەکی گەورە بۆ سەر فڕۆکە پێشکەوتووەکان دروست بکەن.

سۆنگ جۆنگ پینگ، شارەزای سەربازی چینی ئاماژەی بەوە کرد، رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە نادیارەکان تەنیا بە یەک جۆرە چەک ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە کۆمەڵێک ئامرازی جیاواز هەیە، لەوانە: راداری فرەباند، سیستەمی دۆزینەوەی سارد، و فڕۆکەکانی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە.

ئەم هەنگاوەی بەیژینگ نیشانەی ئەوەیە چین دەیەوێت بەرگرییەکی ئاسمانیی چەند چین بونیاد بنێت، تێیدا تەنیا پشت بە مووشەکی گەورە و گرانبەها نەبەستێت، بەڵکو سیستەمە بچووک و هەرزانەکانیش بکاتە بەشێک لە پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی.

سەرەڕای سەرکەوتنی ئەم مەشقە، شارەزایان دەڵێن؛ سەرکەوتن لە ژینگەیەکی تاقیگەیی و مەشقدا، مەرج نییە گەرەنتی ئەوە بێت کە ئەم مووشەکە بچووکانە بتوانن لە جەنگێکی راستەقینەدا فڕۆکە جەنگییە هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان بخەنە خوارەوە، چونکە پرۆسەی دۆزینەوە و پێکانی ئەو فڕۆکانە لە کاتی جەنگدا کارێکی زۆر ئاڵۆز و پڕ لە تەحەدییە.