ئەمڕۆ یادی 80 ساڵەی لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتییە

رۆژی ١٦ی ئاب لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێت، چونکە ئەم رێکەوتە تەنیا یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ یادی 80 ساڵەی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ ئەو سەرکردەیەی تەمەنی خۆی لە نێو جەرگەی رووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەدا بەسەر برد و بووە یەکێک لە کارەکتەرە هەرە کاریگەرەکانی دۆزی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

چیرۆکی ژیانی مەسعود بارزانی لە ساڵی 1946 و لە نێو جەرگەی یەکەمین قەوارەی سیاسیی کورددا لە شاری مەهابادی پایتەختی کۆماری دیموکراتیی کوردستان دەستی پێکرد. ئەو لە ژینگەیەکی نیشتمانی و ئایینیی وەک بنەماڵەی بارزان گەورە بوو، هەر زوو کاریگەرییەکانی خەبات و تێکۆشانی باوکی (مستەفا بارزانی) پێوە دیار بوو. هەر ئەمەش وای کرد لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا و لە کاتێکدا تەنیا 16 ساڵ بوو، قەڵەم و کتێبەکانی قوتابخانە بەجێبهێڵێت و بۆ پاراستنی خاکەکەی پەیوەندی بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بکات، کە تا ئەمڕۆش خۆی بە پێشمەرگە دەناسێنێت.

لە وێستگەکانی خەباتیدا، سەرۆک بارزانی وەک ئەندازیارێکی سیاسی دەرکەوت، بە تایبەت لە ساڵانی حەفتاکان ئەندامی شاندی دانوستانکار بوو لەگەڵ حکوومەتی عێراق، و دواتریش پاش نسکۆی ساڵی 1975، پێکەوە لەگەڵ خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی برا گەورەی، توانییان شۆڕش رێکبخەنەوە و سەرکردایەتیی کاتی دابمەزرێنن. دوای کۆچی دوایی باوکی لە ساڵی 1979، ئەرکێکی قورسی کەوتە سەر شان و وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لەو قۆناخەشدا رووبەڕووی چەندین مەترسی بووەوە، لەوانە هەوڵی تیرۆرکردنی لە ڤییەننا و کارەساتی ئەنفالی بارزانییەکان، تێیدا 37 ئەندامی خێزانەکەی بێسەروشوێن کران.

رۆڵی سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1991دا، گەیشتە لووتکە، کاتێک وەک داڕێژەری پلانی راپەڕین و رابەری مەیدانیی بەرەی کوردستانی شارەکانی کوردستانی ئازاد کرد. هەر لەو کاتەدا و لە شارۆچکەی کۆیە، دیدگایەکی نوێی بۆ حکومڕانی پێشکەش کرد و داوای هەڵبژاردنی گشتی و دامەزراندنی پەرلەمانی کرد، ئەمەش بووە بەردی بناخەی ئەو قەوارە دەستوورییەی ئێستای هەرێمی کوردستان. دواتر لە ساڵی 2005 وەک یەکەمین سەرۆکی هەرێمی کوردستان متمانەی پێدرا و توانی کوردستان بەرەو قۆناخێکی نوێی گەشەپێدان و پەیوەندی نێودەوڵەتی ببات.

لەسەر ئاستی جیهانی، سەرۆک بارزانی پێگەیەکی بێوێنەی بۆ کورد دروست کرد؛ ئەو تاکە سەرکردەی کوردە کە هەشت جار لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکەکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە و لە زۆربەی پایتەختە گرنگەکانی جیهان وەک سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی لێ کراوە. مێژوو ئەوەی بۆ تۆمار کرد، بۆ یەکەمجار بە جلی کوردییەوە لە ناوەندیی بڕیاری جیهانی ئامادە بوو و لە وڵاتی تورکیاش ئاڵای کوردستانی بۆ بەرزکرایەوە.

کاتێک تیرۆریستانی داعش هەڕەشەیان لە جیهان کرد، سەرۆک بارزانی جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ سەنگەرەکانی پێشەوە و وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە، راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنە گەورەکانی کرد و ئەفسانەی داعشی تێکشکاند. لە دوای ئەو سەرکەوتنانەش، گەورەترین پڕۆژەی سیاسیی خۆی کە ریفراندۆمی سەربەخۆیی بوو لە ساڵی 2017دا ئەنجامدا، تا پەیامی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد بە گوێی جیهاندا بدات.

جگە لە لایەنە سیاسی و سەربازییەکەی، مەسعود بارزانی وەک کەسایەتییەکی رۆشنبیر و زمانزان ناسراوە، جگە لە زمانی دایک، بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی دەپەیڤێت و خاوەنی چەندین پەرتووکی مێژووییە. ئەو بایەخێکی زۆر بە پێکەوەژیانی ئایینی، مافەکانی ئافرەت و پاراستنی ژینگە دەدات، بە شێوەیەک، ئێستا دەڤەری بارزان بەهۆی رێنماییەکانی ئەوەوە بووەتە یەکێک لە پاکترین و سروشتیترین ناوچەکانی ناوچەکە. ئەمڕۆ لە تەمەنی 80 ساڵیدا، سەرۆک بارزانی هێشتا وەک مەرجەعێکی باڵای سیاسی و پێشمەرگەیەکی بەوەفا بۆ خاکەکەی، بەردەوامە لە خەبات بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان.