ئەمریکا ئامادەکاری بۆ خنکاندنی ئابووریی ئێران دەکات

پێنج بژاردەی سەرەکی لەبەردەم ترەمپدان

ئەمریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ سەپاندنی ئەوەی بە فشاری ئابووری بێوێنە لە دژی ئێران ناوی دەبات. سەرەڕای ئەوەی تاران ئێستا لەژێر هەزاران سزای جۆراوجۆردایە، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەدوای رێگەی نوێدا دەگەڕێت بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئەو وڵاتە، هەرچەندە ئەم هەنگاوانە مەترسییان بۆ سەر ئابووریی ئەمریکا و بازاڕەکانی وزە و پەیوەندییەکان لەگەڵ چین هەیە.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند؛ واشنتن بەرەو توندکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر تاران هەنگاو دەنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە جگە لە سزاکان، گەمارۆیەکی دەریاییش خراوەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلۆمبێرگ، پێنج بژاردەی سەرەکی لەسەر مێزی دۆناڵد ترەمپدا هەن بۆ زیادکردنی فشارەکان، چین زیاتر لە 90٪ی هەناردەی نەوتی ئێران دەکڕێت. واشنتن دەتوانێت سزای ئەو پاڵاوگە بچووکە چینییانە بدات کە نەوتی ئێران دەکڕن، یان پەنا بۆ بژاردەیەکی توندتر ببات، ئەویش سزادانی بانکە گەورەکانی چینە کە پارەی ئەم بازرگانییە دابین دەکەن. بەڵام ئەم هەنگاوە مەترسی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەیژینگ و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی لێدەکرێت.

ئێران بۆ گەڕاندنەوەی پارەی نەوتەکەی پشت بە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو و ناوبژیوانی دارایی دەبەستێت لە وڵاتانی سێیەم. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بە ناوی توڕەیی ئابووری، چاوی بڕیوەتە ئەم کەناڵانە بۆ ئەوەی رێگری بکات لە گۆڕینەوەی یوانی چینی بۆ دراوەکانی دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەکخستنی توانای تاران بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرمایە دەرەکییەکانی.

ئەم بژاردەیە هاوشێوەی ئەو ستراتیژییەیە، بەرامبەر کۆریای باکوور بەکارهێنرا. ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی هەر لایەن و بانکێک دەکات، مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات. ئەمەش وڵاتان و کۆمپانیا بیانییەکان دەخاتە نێوان دوو بژاردەوە: یان بازرگانی لەگەڵ ئێران یان دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی ئەمریکا. ئەم بڕیارە رەنگە کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێی ئێرانیش هەبێت، وەک تورکیا.

ئەمریکا دەتوانێت لە سڕکردنی سەرمایەکانەوە هەنگاو بنێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی راستەوخۆی داراییەکانی حکوومەتی ئێران کە لەژێر دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکادان. ئەمە هەنگاوێکی ئاڵۆزی یاسایی و دیپلۆماسییە و پێویستی بە هاوکاریی وڵاتانی دیکە هەیە، چونکە زۆربەی سەرمایەکانی ئێران لە وڵاتانی سێیەمدا پارێزراون.

جگە لە گەمارۆدانی بەندەرەکان، واشنتن بیر لەوە دەکاتەوە ئۆپەراسیۆنەکانی فراوانتر بکات بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتیانەی کە بە کەشتیگەلی سێبەر ناسراون و بە شێوەیەکی نهێنی نەوتی ئێران دەگوازنەوە. ئەمە تەنیا کەشتییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو کۆمپانیاکانی دڵنیایی، تێرمیناڵەکان و ژێرخانە لۆجستییەکانی ئەو کەشتیانەش دەگرێتەوە.