دادوەریی عێراق: بەهەماهەنگی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر دەیان ملیۆن دۆلار و زێڕدا گیرا

دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار و 60 کیلۆگرام زێڕی لە دۆسیەی گەندەڵی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان راگەیاند.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، بڵاویکردەوە، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، رێکاری یاسایی توندی گرتووەتە بەر لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان و کەسانی تێوەگلاو لەگەڵیدا.

لەم چوارچێوەیەدا و لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرمایەی لە بەهەدەردانی پڕۆژەکانەوە دەستکەوتووە، توانراوە دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 ملیۆن دیناری عێراقیدا بگیرێت، جگە لە گەڕاندنەوەی 60 کیلۆگرام زێڕ و دەستبەسەرداگرتنی 7 ئۆتۆمبێل.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و بەدواداچوون بۆ گەیشتن بە تێوەگلاوانی دیکە، رێکارە یاساییەکانیش بەرامبەریان درێژەی هەیە.

دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان و دوای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی، ناوی دەیان بەرپرس و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردووە کە تێوەگلاون لە دزینی سامانی گشتی.

لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی چڕ و پڕ دژی گەندەڵکاران دەستیپێکرد تیایدا دەیان ئەندام پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک حزب بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵییەوە دەستگیر کران.

پێشتر دادگا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 100 ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار و دەیان کیلۆ زێڕی پەیوەست بەم دۆسیەیەی راگەیاندبوو.