کاتز هەڕەشەی گورزی بەهێز دەکات

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ یەکشەممە هەڕەشەی وەشاندنی گورزی بەهێزی کرد، ئەمەش دوای هەڵکشانی توندوتیژییەکان لە باشووری لوبنان لە میانی هێرشەکانی رۆژی شەممەدا، بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی.

کاتز لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "هیچ حیسابێک بە کراوەیی نامێنێتەوە لە هیچ گۆڕەپانێکدا. بۆ بەرگریکردن لە سەربازان و هاووڵاتیانمان بە هێزێکی زۆرەوە دەوەشێنین."

رۆژی شەممە، لە ئەنجامی زنجیرە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، 11 کەس گیانیان لەدەستدا کە سێیان منداڵ بوون. ئەمە بە بەرزترین ئاماری قوربانیانی رۆژانە دادەنرێت لەوەتەی واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوە لە نێوان هەردوو وڵات لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوو.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند؛ هێرشەکەی سەر شارۆچکەی ئەنساڕ لە باشووری لوبنان، بەرپرسێکی سەربازی حزبوڵڵای کردووەتە ئامانج وەک وەڵامێک بۆ ئۆپەراسیۆنێکی پێشووتری ئەو حزبە. لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە؛ عەلی سەمیر ئەلحاج حەسەن، فەرماندەی کەرتێک لە هێزی ڕەزوانی سەر بە حزبوڵڵا، لەو هێرشەدا کوژراوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان ئاماژەی کرد، هێرشەکەی سەر ئەنساڕ بووەتە هۆی کوژرانی 7 کەس لەوانە 3 منداڵ و 2 ئافرەت. هەروەها لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر دێڕ زەهرانی، 4 کەسی دیکە کوژراون و 17 کەسیش بریندار بوون.

جۆزێف عۆن، فەرماندەی سوپای لوبنان، رایگەیاند؛ هێرشەکەی سەر ئەنساڕ بووەتە هۆی شەهیدبوونی خێزانێکی تەواو و ئەمەی بە پەیامێکی توند بۆ سەر رێڕەوی گفتوگۆکان و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی چوارچێوە ناوبرد.

بەڵام دۆرۆن سپیلمان، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەم گورزانە دەبێت پاڵنەرێکی بەهێز بدەنە گفتوگۆکان و جیدییان بکەنەوە، نەک بە پێچەوانەوە."

لە لایەکی دیکەوە، حزبوڵڵای لوبنان داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کرد، کۆتایی بەو رێڕەوی گفتوگۆ راستەوخۆیە شەرمەزارکەرە بهێنێت و جەختی کردەوە، بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت.