سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: یاسای نەهێشتنی چەکداری سێ گەرەنتیی بەهێزی هەیە

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیەنێت، یاسا نوێیەکەی پەرلەمان بۆ نەهێشتنی چەکداری تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە چەک دادەنێن، هەروەها سەرکردەکانی ئیمرالی بە هیچ شێوەیەک لێی سوودمەند نابن.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کۆبوونەوەیەکدا رایگەیاند، یاسای چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی، کە بەم دواییە لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند کراوە، سێ گەرەنتی بەهێزی بۆ پاراستنی پرۆسەکە تێدایە.

بە گوتەی کورتولموش، یەکەمیان ئەوەیە هیچ ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لێخۆشبوون نایگرێتەوە، تەنیا ئەگەر بە کردەیی چەک دانەنێت. دووەمیان، یاساکە کاتییە و تەنیا شەش مانگ دەرفەت دەدات بۆ خۆڕادەستکردن و وازهێنان لە چالاکیی چەکداری. 

سەرۆکی پەرلەمان باسی لەوەش کرد، سێیەم مەرج و گرنگترینیان ئەوەیە بە یەکجاری سەرکردە باڵاکانی رێکخراوەکە و زیندانییانی ئیمرالی لەو یاسایە بێبەش کراون، بە هیچ جۆرێک مافی سوودمەندبوونیان نییە.

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی کردەوە، ئەمە مۆدێلێکی تەنیا تورکییە، هیچ لایەنێکی نێودەوڵەتی وەک چاودێری سێیەم تێیدا بەشدار نییە، بەڵکوو گەل و نوێنەرانی گەل خۆیان سەرپەرشتی دەکەن.

کورتولموش باسی لەوەش کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە نەهێشتنی چەکداری و کۆتاییهێنانە بە گوتاری جوداخوازی، هەروەها رێگریکردنە لەو لایەنە دەرەکییانەی دەیانەوێت نەخشەی ناوچەکە بە ئارەزووی خۆیان بگۆڕن. تورکیا چیتر رێگە نادات بەو جۆرە هەوڵانە، دەیەوێت بە تەواوی ئاسایشی ناوخۆیی خۆی بچەسپێنێت.

پەرلەمانی تورکیا لە 10ی ئابی 2026، بە دەنگی 467 پەرلەمانتار، پڕۆژەیاسای "بەهێزکردنی یەکگرتوویی نیشتمانی و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی" پەسەند کرد، ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێی حکوومەت بۆ ئەوەی بە ناوی "تورکیای بێ تیرۆر" ناوی دەبات. 

یاساکە لە لایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پشتیوانی کرا، هەروەها پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و چەند پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنیش دەنگیان پێدا.