ئەبو ئالا وەلائی: ئەمریکا هەژموونی خۆی بەسەر دارایی عێراقدا سەپاندووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، ئەمینداری گشتیی کەتائیب سەیدولشوهەدا، رەخنەی لە هەژموونی ئەمریکا بەسەر دارایی و ئابووری عێراقدا گرت، داوای کرد بۆ رزگار بوون لەم دۆخە بازاڕەکان و تۆڕەکانی پەیوەندییە بانکیییەکان هەمە جۆر بکرێن.
ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتائیب سەیدولشوهەدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' رایگەیاند، یەکێک لە دیارترین ناتەواوییەکانی سەروەریی عێراق، بریتییە لە هەژموونی ئەمریکا بەسەر ئابووریەکەیدا، داگیرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەروەت و سامانەکەی بە شێوەیەکی ئاشکرا و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی سامانەکانی، گوتیشی: ئایا ئازادیخوازان رازی دەبن عێراق مامەڵە لەگەڵ سامانەکەی بکات وەکو ئەوەی بەخشیش بێت و پێی ببەخشرێت، نەک مافێکی سەرەکیی سەروەریی بۆ گەلەکەی.
ئەبو ئالا وەلائی داوای بونیاتنانی ئابوورییەکی خاوەن بڕیار و رێڕەوی بازرگانیی سەربەخۆی دەکات و گوتی "سەروەری تەنیا بە کۆنترۆڵکردنی خاک تەواو نابێت، بەڵکو بە خاوەندارێتیی بڕیاری سیاسی و ئابووری و دارایی بەدوور لە هەژموونی هەر هێزێکی دەرەکی دەبێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کەتائیب سەیدولشوهەدای خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، لە نیسانی رابردوودا، واشنتن بڕی 10 ملیۆن دۆلار پاداشتی بۆ هەر زانیارییەک لەسەر ئەبو ئالا وەلائی تەرخان کرد، بە تۆمەتی ئەوەی لە پشت ئەو هێرشانە بووە کە بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکایان لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، کەتائیبی سەیدولشوهەدا لە نێو باڵەکانی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی و چوارچێوەی هەماهەنگیدان، بڕیارەکەی ئەمریکایان بە هەوڵێک بۆ گوشاری سیاسی بۆ سەر باڵە عێراقییەکان لە قەڵەم دا.