ئەڵمانیا مافی پەنابەرێتی لە هەزاران هاووڵاتیی سووری وەردەگرێتەوە
حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا مافی پەنابەریی رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی سووری هەڵوەشاوەتەوە یان کێشراوەتەوە، ئەمەش دوای گۆڕانکارییە ریشەییەکانی سووریا و کەوتنی رژێمی ئەسەد دێت کە کاریگەریی گەورەی لەسەر پرۆسەی وەرگرتنی پەنابەران دروست کردووە.
وەڵامی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ پرسیارێکی فراکسیۆنی "چەپ" لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەریخستووە کە لە کۆی 8,320 پێداچوونەوە بۆ داواکاریی پەنابەری لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، رێژەی 23.2%ـی کەیسەکان بە هەڵوەشاندنەوە یان کێشانەوەی مافی پەنابەری کۆتاییان هاتووە، کە زۆربەیان هاووڵاتیی سوورین. بەگوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، مافی پەنابەری کاتێک هەڵدەوەشێتەوە کە گۆڕانکاریی جەوهەری لە وڵاتی پەناخوازەکەدا رووبدات، یان ئەگەر سەلمێنرا زانیاریی نادروست لە کاتی پێشکەشکردنی داواکارییەکەدا دراوە.
دوای کەوتنی رژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، سەدان هەزار پەنابەری سووری بەتایبەت لە وڵاتانی تورکیا، لوبنان و ئوردنەوە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەیان، هەرچەندە تا ئێستاش لە هەندێک ناوچە گرژیی ئەمنی و کەمیی یەکەی نیشتەجێبوون و هاوکارییەکان بەردەوامە.
دەستەی کۆچی ئەڵمانیا لە مانگی حوزەیرانی رابردووەوە مەودای پێداچوونەوەکانی فراوانتر کردووە و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە 21 مانگ بەسەر لایەنی پەنابەرییاندا تێپەڕیوە، یان ئەو کەسانەی پێویستیان بە پاراستنی تایبەت نییە و لە ناو سووریا خاوەنی پشتیوانین. ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە ئەڵمانیا بۆ ماوەیەک بڕیاردان لەسەر کەیسی سوورییەکانی راگرتبوو بەهۆی گۆڕانکارییەکانی دەسەڵات لەو وڵاتەدا.
سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوە، تا ئێستا پرۆسەکە بە دەگمەن ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا هەیە. ساڵی رابردوو یەکەمین پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە لە دوای دەستپێکی جەنگەوە ئەنجام درا، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵیشدا سێ پرۆسەی دیکەی هاوشێوە هەبوون.
لە بەرامبەردا، کلارا بونگەر، شارەزای فراکسیۆنی "چەپ" دژایەتی خۆی بۆ گەڕانەوەی زۆرەملێ نیشان دەدات و پێیوایە رەوشی سووریا جێگیر نییە، ئەو پێشنیاز دەکات پاراستنێکی بەردەوام بۆ ئەو سوورییانە دابین بکرێت کە ماوەیەکی درێژە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە داواکاریی نوێی پەنابەری لەلایەن سوورییەکانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە؛ لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 5,000 داواکاری تۆمار کراوە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2013ـوە تا ئێستا 978,761 داواکاری پێشکەش کراون. هەروەها رێژەی رەتکردنەوەی داواکارییەکان بۆ 68.6% بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر زۆربەی داواکارییەکان قبووڵ دەکران.
جێگەی ئاماژەیە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سووری لە ئەڵمانیا لەو کەرتانەدا کار دەکەن کە کێشەی کەمیی هێزی کار تێیاندا هەیە، وەک: کەرتی فرۆشیاری، چێشتخانەکان، کەرتی تەندروستی، چاودێریی مرۆیی و گەیاندن.