سوپای ئیسرائیل کوشتنی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان، فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵڵایان کوشتووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوەکەیدا روونیکردەوە، فەرماندەکەی حزبوڵڵا ناوی 'ئەبو حەسەن عەلا'ـیە لە دێر زەهرانی کوژراوە، ئاماژی بەوەش دا، ئەبو حەسەن فەرماندەیەکی دیاری یەکەی بەدر-ی سەر بەو گرووپە بووە و تۆمەتبار بووە بە بەشداریکردن لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆن دژی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان.
سەرچاوە لوبنانییەکان ئاشکرایان کرد، ناوی راستەقینەی ئەو فەرماندەیە عەلی محەممەد فەخرەدینە. لە بەرامبەردا، سەرچاوە نزیکەکان لە حزبوڵڵا پرسەی فەخرەدینیان گێڕا و بە فەرماندەی جیهادی ناویان هێنا.
سوپای ئیسرائیل ئێوارەی شەممە، رایگەیاند، بارەگایەکی سەرەکیی فەرماندەیی حزبوڵڵایان لە ناوچەی ئەنسار-ی باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، سوپا روونیکردەوە، هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی عەلی سەمیر حاج حەسەن، کە بە فەرماندەی کەرتی هێزی رەزوانی سەر بە حزبوڵڵا ناو برد، لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کە بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، کاریان بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن دژی هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکە دەکرد.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان شەممەی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، 11 کەس کوژراون و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون.