لە کەرکووک 50 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت
شارەوانی کەرکووک 50 هەزار پارچە زەوی بەسەر خەڵک دابەش دەکات و رەتیشیدەکاتەوە زەوی لە ناوچەی کوردنیشتن بە عەرەب و تورکمان بدرێت.
ئەحمەد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی کەرکووک بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق 50 هەزار پارچە زەوی بەسەر خەڵکی کەرکووک و دەوروبەری دابەش دەکرێت و ئێستا نەخشەی زەوییەکان تەواوکراوە و لە داهاتووییەکی نزیکدا پرۆسەکە دەستپێدەکات.
گوتیشی: ئامانجی دابەشکردنی ئەو زەوییانە پشتیوانیکردنە لە خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار بۆ ئەوەی بتوانن ببنە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی کەرکووک اسی لەوەشکرد، بە گوێرەی رێنماییەکان هەر کەسێک خانووی هەبێت یان پێشتر لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بووبێت بەهیچ شێوەیەک زەوی پێنادرێت، ئاماژەی بەوەش دا، مانگی داهاتوو وەرگرتنی داواکاری بۆ وەرگرتنی زەوی بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەستپێدەکات و پێشبینی دەکەن 200 هەزار کەس لە کەرکووک داواکاری بۆ وەرگرتنی ئەو 50 هەزار زەوییە پێشکەش بکات.
ئەحمەد عومەر، دڵنیایش دەدات کێشەیان بۆ دابینکردنی زەوی نییە و دەتوانن لە سەنتەری کەرکووک و دەوروبەری زەوییەکان دابین بکەن، سەبارەت بە دەنگۆی دابەشکردنی زەوی لەناوچە کوردنشینەکان بەسەر خەڵکی عەرەب و تورکمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی کەرکووک گوتی، نازانم ئەو قسانە لە کوێوە و لەسەر چ بنەمایەک بڵاودەبنەوە و رەتیکردەوە زۆرینەی زەوییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان بە عەرەب و تورکمان بدرێن، بەڵکو چەندین شوێنی کەرکوورک دیاریکراون کە ناوچەی کوردنشین و عەرەبنشین و تورکماننشینن، بەشێکی زەوییەکانیش لە دەرەوەی شارەکە دەبن.
بە بڕیاری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ملیۆنێک پارچە زەوی لەسەرتاسەری عێراق بەسەر هاووڵاتییان و فەرمانبەران دابەش دەکرێت و لە چوارچێوەیەشدا 50 هەزار زەوی بەسەر خەڵکی کەرکووک و دەوروبەری دابەش دەکرێت.