عێراق لەسەر داوای سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی پڕۆژەیاسای قەرز ئامادە دەکات
حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی یاسای قەرزەوە کورتهێنانی دارایی پڕبکاتەوە و مووچەی فەرمانبەران و بەردەوامیی خەرجییە گشتییەکانی دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتوو گەرەنتی بکات. بڕیاریشە ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکات.
لەوبارەیەوە دکتۆر جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 ـی گوت؛ حکوومەتی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر و لە یەکێک لەو میکانیزمانەی دەستی بۆ دەبات قەرزی دەرەکییە، بەڵام لە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بابەتی قەرزکردن داخرابوو، رێگە بە حکوومەتی عێراق نادرا قەرزی دەرەکی بکات، ئەوەش بۆ ئەوەبوو بڕی قەرزەکان لەسەر وڵاتەکە زیاد نەبن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا دەیەوێت قەرزی نێودەوڵەتی بکات، لە بەرامبەردا سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی داوای کردووە بە رێکاری یاسایی ئەو داواکارییە پێشکەش بکات، کاتێکیش لە ساڵی 2023 بە یاسا ئەو پرسە داخراوە، ئێستا پڕۆژەیاسایەک بۆ رێگەدان بە قەرزکردن لە پەرلەمانە و ئەو هەفتەیە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.
دکتۆر جەمال کۆچەر ئاشکراشی کرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، قەرزی دەرەکی 10 ملیار دۆلارە و قەرزی ناوخۆ گەیشتووەتە 209 ترلیۆن دینار، بەڵام هێشتا بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ناچارن قەرز بکەن و دەیانەوێت لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی قەرزەکە بکەن.
ئامانجی حکوومەتی عێراق لە قەرزی دەرەکی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و تێپەڕاندنی قەیرانی داراییە و هەروەها بە دیاریکردنی بەهای دۆلار و نرخی نەوت نەوت لە بودجەدا سەقامگیری بۆ ئابووری وڵاتەکەی دەستەبەربکات و بەردەوامی بە خەرجییەکان بدات.