شارەوانی شارەزوور بە ناچاری زەوی کشتوکاڵی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکات
چەند رۆژێکە جووتیارانی سنووری شارەزوور نیگەرانی دەردەبڕن و کۆنفڕانسی رۆژنامەوانی دەکەن و داوا دەکەن کێشەی دابەشکردنی زەوی کشتوکاڵی بەسەر فەرمانبەران چارەسەر بکرێت. ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو زەوییانە بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاردەهێندرێت و رووبەرەکەیان زیاتر لە 1600 دۆنمە.
لای خۆیەوە سالار ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی شارەزوور بە کوردستان24 ـی راگەیاند، لە بنەڕەتەوە شارەزوور لەسەر زەوی کشتوکاڵی بونیادنراوە و تەواوی زەوییەکان کشتوکاڵین. گوتیشی؛ بە گوێرەی یاسا بەشێکی زۆر ئەو زەوییانە تایبەتمەندی کشتوکاڵیان لەدەستداوە و زەوی شارەوانین، بەڵام لە واقعدا هەر زەوی کشتوکاڵین.
راشیگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران 1400 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە ناچاری بۆ فەرمانبەران بەکاردەهێنن.
سەرۆکی شارەوانی شارەزوور ئاشکراشی کرد، ناوی سێ هەزار فەرمانبەر بۆ دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان گەڕاوەتەوە و هەروەها 300 ناوی زیندانی سیاسی، کەمئەندامی سەنگەر و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانیش بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و جەختیشکردەوە تا یەک فەرمانبەر مابێت پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان بەردەوام دەبێت.
پێشتر جووتیارانی سنووری شارەزوور داوایان کرد زەوی کشتوکاڵی بەسەر فەرمانبەران دابەش نەکرێت و لەناو بەشێکی زەوییەکان دا بیر، باخ و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵی تێدایە.