لە عێراق دەست بەسەر 9 ملیار دینار و چەند کیلۆیەک زێڕ دا گیرا
دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی جۆریدا توانیویانە دەست بەسەر بڕە پارەیەکی خەیاڵی و چەند قاڵب و خشڵی زێڕدا بگرن لە ماڵی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی کارەبا کە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و کەڵەکەکردنی سامانی نایاسایی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، دەستەی دەستپاکیی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی لێکۆڵینەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەغدا، دوای بەدواداچوون و چاودێرییەکی ورد، توانییان لە چەند خانوویەکی تۆمەتبار خالید غەزای عەتیە کە بریکاری وەزارەتی کارەبا بووە بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، دەست بەسەر ئەم بڕە پارە و زێڕانەدا بگرن.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەکان بریتی بوون لە؛ یەک ملیار و 175 ملیۆن دیناری عێراقی و 5 ملیۆن و 839 هەزار دۆلاری ئەمریکی، هەروەها 7 پارچە زێڕی قاڵب و بڕێکی زۆر لە خشڵ و زێڕی جۆراوجۆر.
ئەم بەرپرسە پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبوو، ئێستاش سەرجەم پارە و زێڕەکان بە کۆنووسێکی یاسایی رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە دژی ناوبراو.
پێشتر ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق رۆژی هەینی 14ـی ئابی 2026، بڵاویکردەوە، هێزێکی ئەمنی سەر بە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق بریکاری وەزارەتی کارەبای حکوومەتی عێراقیان بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا دەستگیرکردووە، هەرچەندە هیچ روونیکردنەوەیەکی لە بارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی لەلایە دەستەی دەستپاکییەوە دەستگیرکراوە پەیوندەی بە گەندەڵی دارایی و ئیدارییەوە هەیە.
دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەتی کارەبا پاڵپشت بە فەرمانی دادوەری تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانی گەندەڵی و دەستەی دەستپاکی بووە.
بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لەسەر خالد غەزای بڵاوبووەتەوە لە 28 ساڵەی خزمەتی وەزیفی حکوومی لە دۆسییەکەی زیاتر لە 50 سوپاسنامەی ئاراستە کراوە و هیچ سزایەکی ئیداریشی نەبووە.
بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان. لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دەستگیرکردنی بەرپرس و کاربەدەستانی گەندەڵ لە دامەزراوە حکوومییەکان دەستیپێکردووە، تا ئێستا زیاتر لە 210 بەرپرسی سیاسی و ئیداری دەستگیرکراون، کە لەنێویاندا بەرپرسانی باڵا، پلە تایبەت و پەرلەمانتار هەن و تۆمەتبارن، بە هەندەردانی سامانی گشتی، گرێبەستی وەهمی و پەیداکردنی سەروەت و سامان بە رێگەی نایاسایی.




