عەلی حوسێن: نزیکبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاند، نزیکبوونەوەی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە. لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمیش نزیکبووینەتەوە، هەروەها هەنگاوەکانیش بە ئاراستەی کاراکردنەوەی پەرلەمانە.

عەلی حوسێن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە زۆر قۆناخی گرنگدا هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لە ماوەکانی رابردوودا هەندێک بەرز و نزمی لە سیاسەتدا هەبووە، ئاماژەی بەوە دا، لەبەر پێکنەهێنانی حکوومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمان، قۆناخەکە زۆر هەستیارە و بەرپرسیارەتیی هەموو لایەنەکانە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی سەرەکی، بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.

دەربارەی نزیکبوونەوە و کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، باسی لەوە کرد، نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان هەردوولا هەیە و پێی وایە دانیشتنەکان رەنگدانەوەی ئەرێنییان دەبێت. ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا بێ ئەوەی بۆ راگەیاندن ئاشکرا بکرێت دانیشتنمان هەبووە، لەم هەفتەیەشدا دانیشتنی دیکە دەکرێت و هەنگاوەکان بەرەو کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتن.

عەلی حوسێن روونی کردەوە ، پارتی هەمیشە نەرمی نواندووە بەرامبەر یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی 1991ـەوە تا ئێستا و گوتیشی "ئێستاش حیسابی ئەوەمان نەکردووە کە یەکێتی 23 کورسیی هەیە، بەڵکو حیسابی ئەوەمان کردووە کە یەکێتی هاوبەشی ئێمەیە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کاتێک هەڵبژاردن کراوە، دەبێت رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکیش بگیرێت."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، دەڵێت، مانگی9ـی پارساڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە رێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندییان پێوە کردوون و پێشنیازیان کردووە 15 کورسییەکەیان لەگەڵ پارتیدا بکەنە 50 کۆ یەک و حکوومەتی هەرێم بەبێ یەکێتی پێکبهێنن، بەڵام پارتی لەبەر دوو هۆکار ئامادە نەبووە؛ یەکەمیان ئەوە بووە کە نەمانویست بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبهێنین چونکە پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکترن، و دووەمیان لەبەر ئەوە بوو کە لەو کاتەدا شاسوار لە زیندان بوو و پێمان باش نەبوو رێککەوتن لە زیندان بکرێت، بەڵکو پێمان باش بوو ئازاد بێت تاوەکو بە ئازادی رێککەوتن بکەن.