هاوپەیمانیی سیادە پیرۆزبایی 80 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

سەرمەد خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشت دەیە بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی ئەو حزبە کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، لە پەیامەکەی هاوپەیمانیی سیادە، هاتووە: "لەم یادەدا، تیشک دەخەینە سەر مێژوویەکی سیاسی و نیشتمانی کە هەشت دەیەیە بەردەوامە. ئێمە بەرز دەنرخێنین کە پارتی خاوەن ئامادەییەکی کاریگەرە لە مێژووی سیاسی عێراقدا و قوربانیی گەورەی داوە و رووبەڕووی ئاستەنگی و وێستگەی سەخت بووەتەوە."

هەروەها سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە ئاماژەی بە رۆڵی پارتی کرد لە "بەرگریکردن لە خواستەکانی گەلی کورد و بەهێزکردنی رێڕەوی شەراکەتی نیشتمانی لە وڵاتدا."

لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرمەد خەنجەر جەختی لە گرنگی هەنگاونان بەرەو عێراقێکی سەقامگیرتر، یەکگرتووتر و گەشەسەندوو کردەوە، تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت و هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو نەوەکانی وڵات.