هەسەدە و یەپەگە هەڵدەوەشێنەوە
بەرپرسێکی هەسەدە رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەپەگە رادەگەیەنرێت. جەختیشی کردەوە، زۆربەی کێشەکان لەگەڵ دیمەشق چارەسەر کراون.
مەحموود بەرخودان، بەرپرس لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە کۆبانێ، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "تورکیا" رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵوەشاندنەوەی هەریەک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هەسەدە رادەگەیەنن و چیتر قەوارەیەک بە ناوی خۆبەڕێوەبەرییەوە نامێنێت.
ئەو بەرپرسەی هەسەدە ئاشکرای کرد، دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بۆ تێکەڵبوونەوەی سەربازی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی و 99%ـی کێشەکان چارەسەر کراون.
بە گوتەی مەحموود بەرخودان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 بۆ 12 هەزار شەڕڤان تێکەڵ بە سوپای سووریا بوون و پرۆسەی رادەستکردنەوەی دامەزراوە گشتییەکان و بیرە نەوتەکان بە دیمەشق لە قۆناخی کۆتاییدایە.
بەرپرسی هێزەکانی سووریای دیموکرات داوای لە دیمەشق کرد لە دەستووری نوێدا مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بپارێزێت و رێز لە مافەکانیان بگیرێت.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە پێشەنگایەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ساڵی 2015 دامەزرا و کۆنترۆڵی ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریای کرد. لە ماوەی رابردوودا ئەم هێزانە بە پاڵپشتیی ئەمریکا شەڕی چەکدارانی داعشیان کرد و قەوارەی خۆبەڕێوەبەرییان راگەیاند.
بەهۆی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەستپێشخەرییەکانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، گوشارێکی زۆر کەوتە سەر هەسەدە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی.
ئەم پێشهاتە نوێیە دوای زنجیرەیەک گفتوگۆی چڕ دێت بۆ رێکخستنەوەی دۆخی سووریا و کۆتاییهێنان بە فرەیی هێزە چەکدارەکان، ئەمەش وەک هەنگاوێک دەبینرێت بۆ گێڕانەوەی سەروەریی تەواوەتی بۆ سووریا لە چوارچێوەی یەک سوپا و یەک وڵاتدا.