سوودانی پیرۆزبایی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی کرد. سوودانی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر مێژووی سیاسیی پارتی و رۆڵی لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت، هاوکات جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر کردەوە.

دەقی پەیامەکەی محەمەد شیاع سوودانی:

"جوانترین پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبەکەیان، بە رێز و پێزانینەوە یادی ئەم کاروانە سیاسییە دەکەینەوە کە بۆ چەندین دەیەیە ئامادەییەکی کارای لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا هەیە.

ئەم یادە وێستگەیەکی گرنگە بۆ بیرهێنانەوەی کاروانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی و ئەو ئالنگاریی و قوربانییانەی بینیویەتی، هەروەها رۆڵی لە رووبەڕووبوونەوەی دیکتاتۆرییەت و چەسپاندنی چەمکەکانی هاوبەشی، فرەیی و مافە دەستوورییەکان.

ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم قۆناخێکداین کە پێویستی بە دانایی و بەرپرسیارێتیی زیاترە؛ هاوبەشیی نیشتمانی، گفتوگۆ و پەنابردن بۆ دەستوور، وەک کۆڵەکەی سەرەکی بۆ پاراستنی عێراق و بەهێزکردنی سەقامگیرییەکەی دەمێننەوە. هەروەها جەخت لە بونیادنانی پەیوەندییەکی پتەوی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەینەوە کە لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندیی هاوبەش بێت."