سیسی و کوشنەر جەخت لە جێبەجێکردنی ئاگربەستی غەززە دەکەنەوە

جەزیرە: نێردەکەی ترەمپ لە قاهیرە لەگەڵ حەماس کۆدەبێتەوە

سەرۆک کۆماری میسر، لە شاری عەلەمەین پێشوازی لە نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ کرد و دۆسیەی ئاگربەستی غەززە و قەیرانەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد؛ هاوکات بەپێی زانیارییەکان بڕیارە کوشنەر لە قاهیرە لەگەڵ شاندی حەماس کۆببێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حەماس ئامادەیی خۆی بۆ رادەستکردنی چەک بە دەستەیەکی تەکنۆکرات دەربڕیوە بەڵام ناتانیاهۆ داوای داماڵینی تەواوەتیی چەک پێش هەر کشانەوەیەک دەکات.

یەکشەممە 16ی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری میسر رایگەیاند، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر، لە شاری عەلەمەین پێشوازی لە جارید کوشنەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، بە ئامادەبوونی بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوە و حەسەن رەشاد سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی گشتیی میسر.

سەرۆکی میسر جەختی لە گرنگی و پێگەی ستراتیژیی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان واشنتن و قاهیرە کردووەتەوە و ستایشی ئاستی هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هەردوو وڵاتی کردووە لە بوارە جیاوازەکاندا.

محەممەد شینناوی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی میسر ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی فەلەستین تاوتوێ کراون. هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواوی لایەنەکان بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی راگرتنی شەڕ لە کەرتی غەززە، کە لە میانی "لووتکەی ئاشتیی شەرم شێخ" لە تشرینی یەکەمی 2025 پێی گەیشتبوون کردەوە، هەروەها بەردەوامیدان بە کارکردنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی دووپاتکردەوە.

کوشنەر لە بەرامبەردا ستایشی رۆڵی میسر و کەسی سەرۆک سیسیی کرد لە بەڕێوەبردنی دۆسیە هەرێمییەکان و چەسپاندنی ئاشتی، و جەختی کردەوە کە میسر هاوبەشێکی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لەلایەکی دیکەوە، جەزیرە ئاشکرای کرد کە بڕیارە جارید کوشنەر لە شاری قاهیرە لەگەڵ نوێنەرانی بزووتنەوەی حەماس کۆببێتەوە، بە ئامادەبوونی نێوەندگیرانی هەریەک لە وڵاتانی میسر، قەتەر و تورکیا.

پێشتر بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندبوو ئامادەیە چەکەکانی رادەستی دەستەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بکات بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ریزبەندیی قۆناخەکانی پلانەکەی رەتکردووەتەوە و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت سەرەتا چەک لە غەززە بە تەواوەتی دابماڵرێت، پێش ئەوەی سوپای ئیسرائیل هیچ هەنگاوێک بۆ پاشەکشەکردن بنێت.