پەرلەمانی ئێران لێدوانی بۆ میدیا بیانییەکان قەدەخە کرد
پەرلەمانی ئێران یاسایەکی نوێی پەسند کرد؛ لێدوان بۆ میدیا بیانییەکان دەبێتە تاوان و سزای زیندانیی بەدوادادێت
پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسایەکی پەسند کرد کە تێیدا هەر جۆرە لێدوان، چاوپێکەوتن یان پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو میدیا بیانییانەی بە دوژمنکار لەقەڵەم دراون، بەتایبەت ئەو میدیایانەی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلن یان لەلایەن ئەوانەوە پارەدار دەکرێن، دەکرێتە تاوان و سزای زیندانی و بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکانی بەسەردا دەسەپێندرێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقی ئێرانی ، پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئابی 2026دا پڕۆژەیاسایەکی نوێی پەسند کردووە بۆ سنووردارکردن و بەتاوانناساندنی پەیوەندی لەگەڵ دەزگا راگەیاندنە بیانییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان.
پڕۆژەیاساکە پێش ئەوەی بە فەرمی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێویستە لەلایەن "ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور" پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و پەسند بکرێت.
بەپێی بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە، ئەنجامدانی چاوپێکەوتن، بەشداریکردن لە گفتوگۆ یان هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو میدیایانەی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیلن یان لەلایەن ئەوانەوە هاوکاریی دارایی دەکرێن، بە تەواوی قەدەخە دەکرێت و سەرپێچیکاران بە سزای زیندانیکردن لە نێوان 6 مانگ بۆ 2 ساڵ رووبەڕوو دەبنەوە.
هەروەها ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ دەزگاکانی دیکەی راگەیاندنی بیانی، مەرجدار کراوە بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی وەزارەتی هەواڵگریی ئێران؛ هاوکات هەر جۆرە پەیوەندییەک بە باڵیۆزخانە، نووسینگەی رێکخراوە بیانییەکان و دامەزراوە نائێرانییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە و وەرگرتنی مۆڵەتی نووسراو لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سزاکەی بریتی دەبێت لە پێبژاردنی دارایی و بێبەشکردن لە هەندێک لە مافە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان.
پڕۆژەیاساکە چەندین سزای توندی دیکەی لەخۆگرتووە لەوانە: توندکردنەوەی سزا بۆ ئەو تاوانە ئابوورییانەی لەژێر چاودێری یان بە رێنمایی لایەنە بیانییەکان ئەنجام دەدرێن؛ قەدەخەکردنی پێدانی هەر جۆرە زانیارییەک بە بیانییەکان بەبێ رەزامەندیی فەرمیی وەزارەتی ئیتلاعات؛ سنووردارکردنی هاوکارییە زانستییەکان لەگەڵ دامەزراوە بیانییەکان، بە جۆرێک تەنیا لەگەڵ ئەو ناوەندانەدا رێگەپێدراو دەبێت کە ناویان لە لیستی فەرمیی پەسندکراودا هاتووە.
هەروەها سەپاندنی سزای زیندانیکردن تا 30 ساڵ بۆ هەر پێشنیازێکی سیاسی یان یاسادانان کە بە رێنمایی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان پێشکەش بکرێت و زیان بە ئاسایش و سەروەریی ئێران بگەیەنێت؛ کە دادبینیکردنی ئەم دۆسیانەش دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی شۆڕش.
ئەمە یەکەمجار نییە تاران پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ لایەنە بیانییەکان بە تاوان دەناسێنێت؛ پێشتریش لە ساڵی 2015دا یاسایەکی هاوشێوە دەرکرا کە تێیدا سزای توند بەسەر هاوکاریکردنی وڵاتانی نەیاردا سەپێندرا.
لە چوارچێوەی ئەم رێکارانەدا، لەم مانگەدا فۆتۆجۆرنالیستی ئێرانی بەپێی ئەو یاسایە سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، بە تۆمەتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا نەیارەکان و ناردنی وێنە بۆ رێکخراوەکانی پەیوەست بە ئەمریکا و ئیسرائیل.