عێراق تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی بەهێز دەکات

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی کرد بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی پاراستنی ئاسمانی وڵات و جەختی لەسەر پەلەکردن لە جێبەجێکردنی گرێبەستی کڕینی سیستەمە پێشکەوتووەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کردەوە

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی ئابی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیی بەرگریی ئاسمانیی کرد، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتی و سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پلانی بنیاتنان و پەرەپێدانی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی هێزەکان کرا، بە شێوازێک کە گرەنتیی پاراستنی ئاسمانی عێراق و چەسپاندنی سەروەریی تەواوەتیی نیشتمانی بکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی ئەو گرێبەستانەی پێشتر لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کراون بە مەبەستی دابینکردنی سیستەم و کەرەستەی پسپۆڕیی پێشکەوتوو بۆ فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی.

نووسینگەکە دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی پەلەکردن لە جێبەجێکردن و هاوردەکردنی ئەو کەرەستە و سیستەمانە کرایەوە، بە جۆرێک کە هاوکار بێت لە تەواوکردنی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی عێراق و بەرزکردنەوەی توانای سوپا لە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی ئاسمانی وڵاتدا.