ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی تەقەی لە کارمەندانی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی کردبوو دەستگیرکرا
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی هێرشکردنە سەر کارمەندانی پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزایی"ی شاری هەولێری راگەیاند، کە لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکەدا سێ کارمەندی کۆمپانیای جێبەجێکار بریندار ببوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە سنووری قەزای بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێر، کێشە و ئاڵۆزی لە نێوان چەند هاووڵاتییەک و کارمەندانی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی (پشتێنەی سەوزاریی شاری هەولێر) دروستبووە.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، ئەو هاووڵاتییانە رێگرییان لە بەردەوامبوونی کارەکانی کۆمپانیاکە کردووە و هێرشیان کردووەتە سەر کارمەندەکان، لە ئەنجامی تەقەکردن و ئاڵۆزییەکەشدا (سێ) کارمەندی کۆمپانیاکە بریندار ببوون.
دەربارەی دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی، ئاسایشی هەولێر رایگەیاندووە "لەسەر ئەم رووداوە، ئەو تۆمەتبارەی تەقەکانی کردووە و ناوی ناوبراو (م ، ت ، ت)ە، لەلایەن هێزەکانمانەوە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراوە."
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێردا جەخت کراوەتەوە کە تۆمەتبارەکە رادەستی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر چۆنیەتی و هۆکاری رووداوەکە هێشتا بەردەوامن.