سزای حەوت ساڵ زیندانی و پێبژاردن بەسەر پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا سەپێندرا
دەستەی دەسپاکیی فیدراڵیی عێراق دەرچوونی بڕیاری سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بە شێوەی پاشملە (غیابی) بۆ عەمار جەبر خەلیل، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین بە تاوانی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی و هەڵئاوسانی سامانی دارایی راگەیاند؛ بەپێی بڕیارەکە ناوبراو ناچار دەکرێت زیاتر لە 3.4 ملیار دینار وەک قەرەبوو و سزای دارایی بگەڕێنێتەوە.
یەکشەممە 16ی ئابی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەی دەسپاکیی فیدراڵیی عێراق، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، بڕیارێکی بە غیابی دەرکردووە کە تێیدا سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تۆمەتبار عەمار جەبر خەلیل عەبدولحەمید، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا سەپاندووە.
بڕیارەکەی دادگا لەسەر بنەمای بڕگەکانی ماددەی (19/دووەم بە ئاماژەدان بە ماددەی 16/یەکەم) لە یاسای دەستەی دەسپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە (30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو) دەرکراوە.
دەستەی دەسپاکی ئاشکرای کرد کە بڕیارەکەی دادگا ئەم رێکارە داراییە توندانەی لەخۆگرتووە لەوانە؛ سەپاندنی سزای پێبژاردن بە بڕی یەک ملیار و 728 ملیۆن و 74 هەزار دینار، کە هاوتای بەهای ئەو سامانەیە لە رێگەی ناشەرعی و نایاساییەوە بەدەستی هێناوە؛ پابەندکردنی تۆمەتبار بە گەڕاندنەوەی هەمان بڕە پارەی دەستکەوتی نایاسایی کە دەکاتە بەمەش کۆی پارەی داواکراو دەگاتە زیاتر لە 3 ملیار و 456 ملیۆن دینار.
هەروەها بەپێی ماددەی (19/چوارەم)ی یاساکە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبار و تەواوبوونی ماوەی سزای حەوت ساڵ زیندانییەکەشی، بە هیچ جۆرێک ئازاد ناکرێت تاوەکو سەرجەم پارەی دەستکەوتی نایاسایی و سزای داراییەکە بە تەواوەتی نەداتەوە.
هەر لە بڕیارەکەدا هاتووە کە دادگا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی گشت موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی تۆمەتبار و هاوسەرەکەی پەسند کردووە، هاوکات بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی خۆپارێزیی بەسەر سەرجەم سامان و موڵکی گواستراوە و نەگواستراوەی کوڕی تۆمەتباردا سەپاندووە.
دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدین دەرکردووە و فەرمانی کردووە پشکنینی یاسایی بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەنجام بدرێت، هاوکات مافی بە دەستەی دەسپاکی داوە کە دوای پلەی بنبڕوەرگرتنی بڕیارەکە، داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.