8 وڵاتی عەرەبی بڕیارێکی ئیسرائیل سەرکۆنە دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی لە راگەیەندراوێکئ هاوبەشدا، بە توندی سەرکۆنەی هەڵوێستی ئیسرائیلیان کرد بۆ رەتکردنەوەی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی "پلانی گشتگیری ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە" و رەتکردنەوەی مافی دەوڵەتبوونی فەلەستین؛ هاوکات هۆشدارییان دا کە ئیسرائیل بەرپرسیاری تەواوەتیی پەکخستنی هەوڵەکانی ئاشتی لە ئەستۆ دەگرێت و داوایان لە واشنتن کرد ئیسرائیل ناچار بە پابەندبوون بکات.

یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە راگەیەندراوێکی هاوبەشی لەسەر ناوی وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە وڵاتانی: میسر، ئوردن، پاکستان، ئەندۆنیسیا، تورکیا، قەتەر، و ئیماراتی بڵاوکردەوە سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەکانی دۆسیەی ئاشتی لە کەرتی غەززە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو هەشت وڵاتە بە توندی سەرکۆنەی راگەیاندنی فەرمیی ئیسرائیل دەکەن بۆ رەتکردنەوەی نەخشەڕێگەی جێبەجێکردنی "پلانی گشتگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە" (کە بە بڕیارنامەی ژمارە 2803ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسند کراوە).

هەروەها سەرکۆنەی رەتکردنەوەی مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن تەلئەڤیڤەوە دەکەن. وەزیرەکان جەختیان کردەوە کە ئەم هەڵوێستەی ئیسرائیل کودەتایە بەسەر پرۆسەی ئاشتیدا و پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئیسرائیل بەرپرسیاری سەرەکییە لە تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی لە غەززە و تەواوی خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین.

راگەیەندراوە هاوبەشەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم نەخشەڕێگەیە، لە لایەن لایەنە فەلەستینییەکانەوە قبووڵ کراوە، بەرهەمی هەوڵێکی چڕی نێوەندگیرانە میسر، قەتەر، تورکیا، ئەمریکا، نوێنەری باڵای غەززە و بۆردی ئاشتی، و قۆناخێکی چارەنووسسازە بۆ، داماڵینی چەک هاوکات لەگەڵ کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە؛ بڵاوەپێکردنی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی؛ رادەستکردنی دەسەڵاتی ئیداریی کەرتی غەززە بە "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە"و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بەپێی پلانی گشتگیر.

وەزیرانی دەرەوەی ئەو هەشت وڵاتە رایانگەیاند کە هەڵوێستی ئیسرائیل، رەتکردنەوەی ئاشکرای پلانی گشتگیرە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە لەسەر ئەو هەوڵە بەرفراوانانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دابووی. لەم روانگەیەوە داوایان لە ئەمریکا کرد بەردەوام و چالاکانە دەستوەردان بکات تاوەکو ئیسرائیل ناچار بکات بە تەواوی پابەندی بەڵێنەکانی ناو پلانەکە بێت. هاوکات جەختیان کردەوە ئیسرائیل بەرپرسیاری تەواوەتیی هەر تێکچوونێکی دۆخی مەیدانی و درێژەکێشانی شەڕ لە ئەستۆ دەگرێت.

راگەیەندراوەکە جەختی لە پێویستیی بەپەلەی جێبەجێکردنی پلانەکە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی نالەباری مرۆیی و دەستەبەرکردنی ئاسایش لە غەززە، و هەموو هەوڵێکی تاکلایەنەی بۆ سڕینەوەی مافی دەوڵەتبوونی فەلەستین بە تەواوی رەتکردەوە. وەزیرەکان دووپاتیان کردەوە ئاشتیی دادپەروەرانە و بەردەوام تەنیا لە رێگەی چارەسەری دوو دەوڵەت و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین لەسەر سنوورەکانی 4ی حوزەیرانی 1967 بە پایتەختیی قودسی رۆژهەڵات دێتە دی، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە کۆتایی راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی هەشت وڵاتەکە جەختیان لە بەردەوامیی رۆڵی "بۆردی ئاشتی" کردەوە و داوایان لە سەرجەم لایەنەکان کرد پشتیوانی لە هەوڵەکانی بکەن بۆ جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەکە و چوونە ناو قۆناخی دووەمی پلانی گشتگیری سەرۆک ترەمپ؛ هەروەها داوایان لە بۆردی ئاشتی کرد کە بە پشتیوانیی چالاکانەی ئەمریکا، رێکاری دەستبەجێ و کۆنکرێتی بگرێتە بەر بۆ پاراستنی یەکپارچەیی پلانەکە و رێگریکردن لە هەر لایەنێک کە بیەوێت ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنیدا دروست بکات.

 

رۆژی هەینی ئەنجوومەنی ئاشتی غەززە نەخشەڕێگایەکی 15 خاڵی نوێی بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی هەمەلایەنەی دۆناڵد ترەمپ، لە غەززەدا بڵاوکربووەوە، کە تێیدا رێکارەکانی کشانەوەی تەواوی سوپای ئیسرائیل، رادەستکردنی کەرتی ئەمنی و کارگێڕیی غەززە بە لێژنەی نیشتمانی، و دابینکردنی 400 ملیۆن دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی لایەنە زیان لێکەوتووەکان لەخۆدەگرێت.

هەر بەرەبەیانی هەمان رۆژ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتیی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە کەرتی غەززە راگەیاندبوو، ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی "پلانی 20 خاڵیی ترەمپ" بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت.

هەروەها غازی حەمەد، سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس، دووپاتی کردەوە، رەزامەندیی بزووتنەوەکەیان بۆ رێککەوتنی ئاشتیی گشتگیر، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە فەڵەستینییەکان هاتووە و ئامانجی سەرەکی پاراستنی گەلی فەڵەستینە. ئاماژەی بەوەش کرد، حەماس سازشی سیاسی پێشکەش کردووە؛ بەڵام دەستبەرداری پرۆژە نیشتمانییەکەی نابێت.

ئەنجوومەنی ئاشتی

پێنجشەممە، 19ـی شوباتی 2026، لە یەکەم کۆبوونەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە واشنتن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، کە ئیدارەکەی 10 ملیار دۆلار لە رێگەی ئەنجوومەنەکەوە پێشکەش بە غەززە دەکات. هەروەها ئاشکرای کردبوو کە 9 وڵاتی هاوپەیمان بەڵێنیان داوە بە بڕی 7 ملیار دۆلار بەشداری لە پاکێجی فریاگوزاریی غەززەدا بکەن.

پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (داڤۆس) واژۆی لەسەر پەیماننامەی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" کرد.

سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا ئاماژەی دابوو، "ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی، ئامانجمان کۆتاییهێنانە بەو ململانێیانەی کە هەندێکیان زیاتر لە 35 ساڵە بەردەوامن، هەروەها ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگی نوێ و چەسپاندنی سەقامگیری."

لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (ئیمارات، تورکیا، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعوودیە و قەتەر) لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بڵاوی کردبووەوە، پێشوازییان لە بانگهێشتەکەی ترەمپ کرد بۆ پەیوەستبوون بە "ئەنجوومەنی ئاشتی".