سێنتکۆم: کەمترین حاڵەتی کێشەی دەروونی لەسەر کەشتی لینکۆڵن تۆمار کراوە

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دوای ئەنجامدانی سەردانێکی مەیدانی بۆ سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن"، ستایشی خۆڕاگری و ئاستی بەرزی ورەی ستافەکەی کرد و رایگەیاند، لە نێو سەرجەم 11 کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە چالاکەکەی هێزی دەریایی ئەمریکادا، کەشتیی لینکۆڵن کەمترین رێژەی کێشەی تەندروستیی دەروونیی تێدا تۆمار کراوە.

یەکشەممە 16ی ئابی 2026، براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی خستە سەر سەردانەکەی رۆژی رابردووی بۆ سەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (USS Abraham Lincoln) و رایگەیاند، بینینی ستافی کەشتییەکە لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا مایەی شانازییە و نموونەیەکی باڵای هاوکاریی بەکۆمەڵ و خۆڕاگرییە.

فەرماندەی سێنتکۆم ئامارێکی گرنگی ئاشکرا کرد و گوتی: لە نێو 11 کەشتیی فڕۆکەهەڵگری چالاکی هێزی دەریایی ئەمریکادا، ئێستا کەشتیی لینکۆڵن یەکێکە لەو کەشتییانەی کە کەمترین ژمارەی حاڵەتەکانی پەیوەست بە کێشەی تەندروستیی دەروونیی تێدا تۆمار کراوە.

کووپەر روونی کردەوە کە ئەمە بەو مانایە نییە هەموو شتێک بە تەواوەتی بێ کەمکوڕییە و گوتی: ئەگەر لە هەر یەکێک لەو نزیکەی 4 ملیۆن دێرینە سەربازەی هێزی دەریایی ئەمریکا بپرسیت، پێتان دەڵێن کە خزمەتکردنی درێژخایەن لەسەر دەریا کارێکی ئاسان نییە و بۆ هەموو کەسێک دەستنادات؛ ئەوە ئەزموونێکی زۆر سەخت و پڕ لە ئاستەنگە و هەر یەکێک لە ئێمە، بە منیشەوە، بە شێوازی جیاواز کاردانەوەمان بۆ گوشارە دەروونییەکان دەبێت.

فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە، تەندروستیی دەروونی بەشێکی دانەبڕاوە لە تەندروستیی گشتیی مرۆڤ و وەک تەندروستیی جەستەیی و رۆحی پێویستی بە چاودێری و گرنگیدان هەیە.

لەو چوارچێوەیەشدا ستایشی فەرماندە و پلەدارە باڵاکانی سەر کەشتیی لینکۆڵنی کرد بۆ ئەوەی کە پرسی تەندروستیی دەروونی و خۆڕاگریی ستافەکەیان کردووەتە لەپێشینەی کارەکانیان.

فەرماندەی سێنتکۆم سوپاسی سەرجەم دەریاوانان و هێزەکانی مارینزی سەر کەشتییەکەی کرد بۆ بەردەوامیدان بە کارە ناوازەکانیان و هیوای سەفەرێکی سەلامەت و ئارامی لە رێگەی گەڕانەوەیان بۆ نیشتمان بۆ خواستن.