عەلی حوسێن: ئاماژەی ئەرێنی لە لایەن یەکێتییەوە هەیە و بەم زووانە کۆدەببینەوە
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پاش 80 ساڵ لە دامەزراندنی، پارتی هێشتا حزبی یەکەمە لە کوردستان. هاوکات نهێنییەکی نەبیستراو لەبارەی دانوستانە سیاسییەکان ئاشکرا دەکات و ئاماژە بە نزیکبوونەوەی هەڵوێستەکانی پارتی و یەکێتی دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (باسی ڕۆژ)ی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند "دامەزراندنی پارتی پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کورد دوای بێئومێدییەکانی جەنگی دووەمی جیهانی. بەشی زۆری ئەو حزبانەی روانگەی ناوچەکەیان دەستنیشان دەکرد و تەمەنیان 70 بۆ 80 ساڵ بوو نەماون یان زۆر لاواز بوون، بەڵام پارتی ئەمڕۆ دەبێتە 80 ساڵە و تاوەکو ئێستاش حزبی یەکەمە لە کوردستان."
لەم هەڤپەیڤینەدا، عەلی حوسێن بۆ یەکەمجار نهێنییەکی راگەیاند و گوتی "مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، کاتێک شاسوار عەبدولواحید لە زیندان بوو، کەسێکی نزیک لە ناوبراو سەردانی شەخسی کردم و رایگەیاند ئامادەن لەگەڵ پارتی ڕێککەوتن بکەین، بەڵام دوای ئاگادارکردنەوەی سەرکردایەتی، بە فەرمی رامانگەیاند کە ئامادە نین بەبێ یەکێتی حکوومەتی نوێ پێکبهێنین، هەروەها رێگەش بە خۆمان نادەین لەگەڵ کەسێک کە لە بەندینخانەیە هیچ رێککەوتنێک بکەین."
دەربارەی ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، عەلی حوسێن ئومێدی خۆی دەربڕی و رایگەیاند "بە دڵنیاییەوە هیوایەک هەیە و هەستمان بە هەڵوێستێکی ئەرێنی لە لایەنی یەکێتییەوە کردووە، وادەیەکی نزیکیش هەیە بۆ کۆبوونەوەی هەردوو لایەن، مەرجیش نییە هەموو ووردەکارییەکان لە راگەیاندنەکان باس بکرێن چونکە قۆناخێکی پڕ لە بەرپرسیارەتی لەسەر شانی ئێمەیە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، دوای هەڵبژاردنی 2024 لەگەڵ یەکێتی کۆبوونەتەوە و لە سەرەتادا یەکێتی جەختی لەسەر بنەمای حکومڕانی دەکردەوە و دەیانگوت پلە و پۆست گرفت نابێت، بەڵام دواتر پۆستەکان بوونە بیانوو.
سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای سلێمانی، عەلی حوسێن روونی کردەوە "هاووڵاتییان داواکاری و پێشبینی خزمەتگوزاری زیاتر لە پارتی و یەکێتی دەکەن، ئێمەش نیگەرانییەکانی خەڵک لە هەموو شار و شارۆچکەکان قبووڵ دەکەین. لە دوای ساڵی 2003 و 2005وە تا 2013، نزیکەی 12٪ی بوودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە، لەو ڕێژەیەش 43٪ی راستەوخۆ بۆ سلێمانی نێردراوە و 57٪ی بۆ هەولێر و دهۆک بووە، لێراوە بەرپرسانی سلێمانی خۆیان بەرپرسن لە ئیدارەدانی ئەو بوودجەیە."
زیاتر گوتی "لە سلێمانی هەستم بە رێگری کردووە؛ بۆ نموونە ئەو رۆژەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی لە سنووری هەڵەبجە دانا، بۆ رۆژی دواتر بەردی بناخەکە شکێندرابوو."
سەبارەت بە هەڵوێستی حزبەکەی بەرامبەر ئەو پارێزگایە جەختی کردەوە "پارتی سلێمانی بە هی کوردستان دەزانێت و خۆی بە خزمەتکاری خەڵکەکەی دەبینێت، هەمیشە داوامان کردووە دەرفەتمان پێبدرێت بۆ ئەوەی خزمەت بکەین."
لە کۆتایی ئاخاوتنەکەیدا، عەلی حوسێن ئاماژەی بە رەوشی ناوچەکە دا و گوتی "ئەو شەڕ و گرژییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن پڕوشکی ئاگرەکەی بەر ئێمەش دەکەوێت، بۆیە لەم قۆناخەدا ئەرکێکی مێژوویی و نەتەوەیی لەسەر شانی هەموو حزبە کوردییەکانی هەرێمی کوردستانە کە ئاراستەی یەکگرتوویی و یەکڕیزی هەڵبژێرن."
کورتکراوەی قسەکانی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
-سەرۆک بارزانی رێبەرێکی گەورەی بزاڤی رزگاریخوازی کوردە
-سەرۆک بارزانی لەسەر ئاستی ناوچەکە جێگەی ئومێدە
-دوای بێ ئومێدییەکانی جەنگی دووەمی جیهانی پارتی دامەزرا
-دوای جەنگی دووەمی جیهانی زلهێزەکان بەرنامەیان بۆ کورد نەبوو
-پارتی دوای 80 ساڵ حزبی یەکەمە
-سەرۆک بارزانی رۆڵێکی کاریگەر لەسەر ئاستی نەتەوەیی دەبینێت
-متمانەی خەڵک وایکردووە پارتی بەمشێوەیهی ئێستا بمێنێتەوە
-مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان هەیە
-خەڵک چاوەڕوانی لە حوکمڕانی کوردی هەیە
-ئیدارەی سلێمانی بەرپرس بووە لەو بودجەیهی لەو ناوچانە هەبووە
-لە بەرپرسیارێتیی راناکەین
-یەکێتیی خۆی ویستی ئیدارەی بودجەی سلێمانی بکات
-هەستم بە رێگری لە سلێمانی کردووە
-خەڵکی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین نیشمانپەروەرن
-بۆچوونی سۆشیاڵمیدیا رای خەڵک نییە
-پارتی خۆی بە خزمەتکاری هەموو خەڵک دەزانێت
-پارتی بۆ رزگاری نیشتمانی دروست بووە
- دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەنگی یەکێتی بوو
-یەکێتی کۆتایی بە رێککەوتنی ستراتیژی هێنا
-رێککەوتنی ستراتیژی خزمەتی گەورەی خەڵکی کرد
-کەسێکی نزیک لە نەوەی نوێ ئامادەیی دەربڕی لەگەڵ پارتی 50+1 تەواو بکەن
-ئەرکی لایەنەکانە لەم دۆخە یەکبگرن
-لەم ماوەیەدا هەستمان بە ئهرێنیی هەڵوێستی یەکێتی کردووە
-ههنگاوی ئهرێنیمان بەرامبەر یەکێتی هەیە
-لەم ماوەیەدا وادەی كۆبوونهوهی یەکێتی و پارتی دیاری دەکرێت.