ئیسپانیا: بەهۆی لێشاوی کۆچبەرانەوە نائارامی دروستبووە و دەستدرێژیی سێکسی زیادی کردووە

میدیا ئیسپانییەکان ئاشکرایان کردووە، لە مانگی تەممووزی رابردووەوە تاوەکو ئێستا 15 حاڵەتی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی لە شارۆچکەی (سبتە) تۆمار کراون، ئەوەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و نائارامییەی لە دوای رەوتی لێشاوی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی نایاسایی لە ناوچەکە دروستبووە.

رۆژنامەی (ئێسپانیۆل) لەسەر زاری سەرچاوەکانی پۆلیسی ئیسپانیایەوە بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی شاڵاوی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی نایاساییەوە، فەوزا و نائارامیی لە سبتە سەریهەڵداوە و ئافرەتان و کچان بەرەوڕووی توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی بونەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا تاوەکو ئێستا دەستگیرکردنی دوو کەسیان لەسەر ئەم تاوانانە ڕاگەیاندووە.

هاوکات رۆژنامەی (ئێل مۆندۆ)ی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، دواین رووداوی تۆمارکراو ئێوارەی رۆژی هەینی بووە، کاتێک سێ کەس هەوڵیانداوە دەستدرێژیی سێکسی بکەنە سەر کچێکی تەمەن 10 ساڵ.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی (کۆنفیدێنشیاڵ) ئاماژەی بەوە کردووە پۆلیس و نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئیسپانیا لە سبتە، لێکۆڵینەوە لە شەش حاڵەتی دیکەی گومانکراوی دەستدرێژیی سێکسی دەکەن کە کۆچبەرانی ئەو شارۆچکەیەی کردووەتە ئامانج.

لە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوودا، سبتە شەپۆلێکی بەرفراوانی کۆچبەری نایاسایی بەخۆیەوە بینی. فێرناندۆ گرانسی مارلاسکا، وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا رایگەیاندبوو، نزیکەی 72 هەزار کۆچبەر لە مەغریبەوە هاتوونەتە وڵاتەکەیان، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی سبتە رایانگەیاندبوو تاوەکو هەفتەی رابردوو نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر لە ناو شارەکەدا ماونەتەوە.

لە دواین پێشهاتدا، رۆژی شەممە دەسەڵاتدارانی مەغریب هەوڵێکی بەکۆمەڵی سەدان کۆچبەری نایاساییان پۆچەڵکردەوە (کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی ئەفریقا بوون) کاتێک ویستویانە لە شاری (فنێدەق)ی مەغریبەوە بەرەو سبتە بپەڕێنەوە.

شارۆچکەکانی (سبتە) و (مەلیلە) لەگەڵ چەند دوورگەیەکی دەریای ناوڕاست، لەژێر دەسەڵاتی ئیسپانیادان، بەڵام حکوومەتی مەغریب تاوەکو ئێستا وەک "خاکی داگیرکراوی مەغریبی" سەیریا دەکات و داوای گەڕاندنەوەیان دەکات.