سەرچاوە ئەمنییەكان: كازم سەیادی بە تۆمەتی هەڕەشەكردن دەستگیركراوە
سەرچاوە باڵاکان لە بەغدا رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان کازم سەیادی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراقیان دەستگیرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتی "هەرەشەکردن و سەرانەسەندن"ی بەسەردا ساخبووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، دەستگیرکردنی سەیادی لەسەر بنەمای فەرمانی دادوەری بووە کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە دەرچووە. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی کە لە 28ـی حوزەیرانی 2026ەوە لە عێراق دەستیپێکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
دوێنێ یەکشەممە، 16ـی ئابی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڵاویکردەوە، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، توانراوە دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200 ملیۆن دیناری عێراقیدا بگیرێت، جگە لە گەڕاندنەوەی 60 کیلۆگرام زێڕ و دەستبەسەرداگرتنی 7 ئۆتۆمبێل.
هەر دوێنێ یەکشەممە، دەستەی دەستپاکی عێراق لە دۆسیەیەکی لە ماڵی خالید غەزای عەتیە کە بریکاری وەزارەتی کارەبا بووە بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن، دەست بەسەر یەک ملیار و 175 ملیۆن دیناری عێراقی و 5 ملیۆن و 839 هەزار دۆلاری ئەمریکی، 7 قاڵبە زێڕ دا گیراوە.
دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان و دوای لێکۆڵینەوە و دانپێدانانەکانی، ناوی دەیان بەرپرس و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردووە کە تێوەگلاون لە دزینی سامانی گشتی.
لە بەرەبەیانی 28ـی حوزەیرانی 2026، هەڵمەتێکی چڕ و پڕ دژی گەندەڵکاران دەستیپێکرد تیایدا دەیان ئەندام پەرلەمان و بەرپرس و سەرۆک حزب بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە گەندەڵییەوە دەستگیر کران.
پێشتر دادگا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 100 ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار و دەیان کیلۆ زێڕی پەیوەست بەم دۆسیەیەی راگەیاندبوو.