رووسیا: دوو ناوچەی نوێمان لە ئۆکرانیا کۆنترۆڵ کرد
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، هێزەکانیان دوو ناوچەی نوێیان لە خارکێڤ و دۆنێتسک کۆنترۆڵ کردووە و لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 1390 سەربازی ئۆکرانییان لەناوبردووە. هاوکات بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار درۆنی ئۆکرانی لەلایەن بەرگریی ئاسمانی رووسیاوە خراونەتە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە نوێترین راگەیەندراویدا ئاشکرای کرد، هێزەکانیان توانیویانە گوندی "کودییڤکا" لە هەرێمی خارکێڤ و گوندی "پێرفۆمارێڤکا" لە هەرێمی دۆنێتسک بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن. ئاماژە بەوەش دراوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 1390 سەربازی ئۆکرانی لە میحوەرە جیاوازەکانی جەنگ بێتوانا کراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سوپای رووسیا لە بەندەری ئۆدێسا سێ کەشتی بارهەڵگر و دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان کردووەتە ئامانج، کە لە لایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە بۆ مەبەستی سەربازی بەکار دەهێنران.
پەیوەست بە شەڕی درۆنەکان، بەرگری ئاسمانی رووسیا رایگەیاند تەنیا لە ماوەی یەک رۆژدا 1478 درۆنی ئۆکرانییان لە ئاسمانی ناوچە جیاوازەکان خستووەتە خوارەوە. ئاژانسی "سپۆتنیک"یش لە زاری سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگری بڵاوی کردەوە، لە ماوەی نێوان 1ـی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 16ـی ئاب، کۆی گشتی ئەو درۆنە ئۆکرانیانەی تێکشکێنراون گەیشتووەتە 101 هەزار و 868 درۆن.
لەلایەکی دیکەوە، ڤلادیمێر سالدۆ، پارێزگاری ناوچەی خێرسۆن رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی ئۆکرانی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی سڤیل لە نزیک ناوچەی "درۆژبیڤکا"، دوو هاووڵاتی کە هاوژین بوون و سەرقاڵی کاری بازرگانی بوون، گیانیان لەدەستداوە.