پێشنیازی نوێی دەوڵەتی یاسا لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان

سەرچاوەیەک ئاشکرای کرد، دەوڵەتی یاسا پێشنیازی جیاکردنەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دۆسیەی چەکدانانی گرووپەکان دەکات، ئەمەش بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام و متمانەیە لە ناوخۆی وڵات.

سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کرد، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی پێشنیازێکی نوێی خستووەتە روو بۆ جیاکردنەوەی وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەگەڵ دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان. 

ئەم پێشنیازە ئێستا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە و ئامانج لێی دروستکردنی کەشێکی متمانە و دڵنیاییە بۆ گرووپە چەکدارەکان. ئەمەش لە رێگەی دیاریکردنی ماوەیەکی کاتی لە نێوان کشانەوەی هێزە بیانییەکان و پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکدا دەبێت، بەتایبەت لایەنە سیاسییەکان 30ـی ئەیلوولی 2026ـیان وەک دوا مۆڵەت بۆ گەڕاندنەوەی چەک بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت دیاری کردووە.

هاوکات پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەپێی ئەو خشتە کاتییە بەڕێوەدەچێت کە لە ساڵی 2024 لەگەڵ واشنتن رێککەوتنی لەسەر کراوە. بڕیارە تاوەکوو کۆتایی ئەیلوولی 2026 هەموو قۆناخەکان بەتەواوی کۆتاییان بێت. 

ئێستا دۆسیەی چەکدارەکان یەکێکە لە هەستیارترین بابەتەکانی بەردەم حکوومەتی عێراق، بەغدا جەخت دەکاتەوە هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا لە توانا و دەتوانن بەبێ هاوکاریی راستەوخۆی هاوپەیمانان بەرپرسیارێتیی ئاسایش و راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش بگرنە ئەستۆ.

لە دوای ساڵی 2014 و دروستبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش، هەزاران سەربازی ئەمریکی و وڵاتانی دیکە لە عێراق جێگیر کران. لەگەڵ راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوەکەدا لە ساڵی 2017، داواکارییەکانی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت گرووپەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە چڕتر بوونەوە.

 لە ساڵی 2024، بەغدا و واشنتن دەستیان بە گفتوگۆیەکی فەرمی کرد بۆ دیاریکردنی خشتەیەکی کاتی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گۆڕینی پەیوەندییەکان بۆ پەیوەندیی دووقۆڵی. 

هاوکات، پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و تێکەڵکردنی یان هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان یەکێک بووە لە بەڵێنە سەرەکییەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.