نێردەی تایبەتی ترەمپ لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆدەبێتەوە
جارید کۆشنەر، زاوای دۆناڵد ترەمپ و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە لە ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ کۆدەبێتەوە. ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی واشنتنە بۆ چەسپاندنی پلانی ئاشتی ئەمریکا لە غەززە، کە تاوەکو ئێستا لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە رەت دەکرێتەوە.
کۆشنەر رۆژی یەکشەممە، بەرلەوەی بەرەو ئیسرائیل بەڕێ بکەوێت، لە میسر لەگەڵ سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس کۆبووەوە. حەماس لە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوو رەزامەندی لەسەر "نەخشە رێگای ئەمریکی" نیشاندا کە ئامانجی دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتییە و تێیدا هاتووە کە چەکی بزوتنەوەکە دابماڵرێت و ئیسرائیلیش لە کەرتی غەززە بکشێتەوە.
لە بەرامبەردا، بنیامین نەتانیاهۆ بە فەرمی ئەو بەڵگەنامەیەی رەتکردووەتەوە و داوای داماڵینی چەکی حەماس بە شێوەیەکی "راستەقینە" دەکات. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆشنەر لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس جەختی لەسەر پێویستی داماڵینی چەک و گرتنەبەری رێوشوێنی "پێساندراو" کردووەتەوە و رایگەیاندووە "غەززە هەرگیز نابێتەوە بە سەرچاوەی تیرۆر بۆ ئیسرائیل."
هەر بەپێی ئەو سەرچاوانە، کۆشنەر جەختی کردووەتەوە کە نابێت حەماس هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنی داهاتووی غەززەدا هەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە حەماس کە لە ساڵی 2007ـەوە غەززە بەڕێوە دەبات، لە سەرەتای تەممووزدا هەڵوەشاندنەوەی کارگێڕی شارستانی خۆی راگەیاند و ئامادەیی نیشاندا بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکانی بۆ "لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە"، کە دەستەیەکی تەکنیکی فەڵەستینییە.
کۆشنەر پێشتر لەگەڵ نوێنەرانی میسر، قەتەر و تورکیا، کە وڵاتانی ناوبژیوانن لە رێککەوتنی ئاگربەست، و هەروەها نیکۆلای ملادینۆڤ، نوێنەری باڵای غەززە لە "ئەنجوومەنی ئاشتی" کۆبووەوە. هەروەها رۆژی یەکشەممە لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر لە عەلەمەینی میسر کۆبووەوە.
هاوكات هەشت وڵاتی موسڵمان، لەوانە میسر، قەتەر و تورکیا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی رەتکردنەوەی نەخشە رێگاکەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد و رایانگەیاند، ئەم هەڵوێستە هەوڵە بەکۆمەڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی تێکدەدات.
لەلایەکی دیکەوە، گرژییە مەیدانییەکان لە کەرتی غەززە بەردەوامن و بەرگریی شارستانی غەززە رایگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خانووێک لە نزیک نوسەیرات و خێوەتی ئاوارەکان لە خان یونیس، چەندین کەس بریندار بوون. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە 1262 فەڵەستینی کوژراون، ئیسرائیلیش کوژرانی 5 سەرباز و بەڵێندەرێکی وەزارەتی بەرگریی راگەیاندووە.